>

محمد صالح بامۆکی — 56

3:46 وە قسە دەکات لەگەڵ خەڵکیدا لە بێشکەداو لە (کاتی) گەورەیی دا وە لە پیاو چاکانیشە

3:47 مەریەم ووتی: ئەی پەروەردگارم من چۆن منداڵم دەبێت لە کاتێکدا کە پیاو نەھاتۆتە لام (لێم نەکەوتوە) ؟ (جیبریل) فەرمووی وایە (کە ئەڵێیت) خوا چی بوێت دروستی دەکات کاتێک کە بڕیاری شتێکی دا ھەر ئەوەندەی دەوێت پێ بڵێت ببە، ئیتر دەبێت

3:48 وە خوا فێری کتێب و دانایی وتەورات و ئینجیلی دەکات

3:49 وە پێغەمبەر (دەنێرێت) بۆ بەنو ئیسرائیل (نەوەکانی یەعقوب) (پێ یان دەڵێت) بەڕاستی من نیشانەیەکم بۆ ھێناون لە پەروەردگارتانەوە کە من بۆتان دروست دەکەم لە قوڕ (شتێک) لە وێنەی باڵندە ئەمجا فوی پیادەکەم یەکسەر دەبێت بە باڵندە بە فەرمانی خوا وە چاکی ئەکەمەوە کوێری زکماک و بەڵەک وە مردوانیش زیندوو دەکەمەوە بە فەرمانی خوا وە خەبەرتان دەدەمێ (لە خواوە) چی ئەخۆن چی بە زەخیرە ھەڵئەگرن لە ماڵەکانتاندا بەڕاستی ھەیە لەم موعجیزانەدا بەڵگە ونیشانەی بەھێز بۆ ئێوە (لەسەر ڕاستی پێغەمبەریەتی من) ئەگەر ئێوە بڕوادارن

3:50 وە (من ھاتووم) بە بڕوا ھێنەر بەو تەوراتەی کەلە بەردەستمدایە وە ھاتووم بۆ ئەوەی حەڵاڵ بکەم ھەندێک لەو شتانەی کە قەدەغە کراوە لێتان وە بەڵگەم بۆ ھێناون لەلای پەروەردگارتانەوە کەواتە بترسن لە (بێ فەرمانی) خوا وەفەرمانبەرداریم بکەن

3:51 بە ڕاستی خوا پەروەردگاری من و ئێوەیە دەی بیپەرستن ئا ئەمەیە ڕێگای ڕاست

3:52 ئەمجا کاتێک کە عیسا ھەستی کرد بە بێ بڕوایی گەلەکەی ووتی: کێ لەگە ڵ مندا یارمەتی دەری دینی خوایە شاگردەکانی (حەوارییەکانی) ووتیان ئێمە یارمەتی دەری دینی خواین بڕوامان بە خوا ھێناوە و تۆ ئەی عیسا شاھید بە کە ئێمە گوێڕایەڵ وملکەچی ئەوین