>

محمد صالح بامۆکی — 47

2:275 ئەوانەی کە سوود (ڕیبا) دەخۆن (کاتی زیندوو بوونەوە) ڕاست نابنەوە (لە گۆڕەکانیاندا) مەگەر چۆن کەسێ ڕاست دەبێتەوە کە شەیتان دەستی لێ وەشاندبێت (وە تووشی فێ بووبێت) ئەوە بەھۆی ئەوەوەیە، سوود خۆران ووتیان: کڕین و فرۆشتن وەک سوود وایە لەکاتێکدا خوا ڕێی داوە بە کڕین و فرۆشتن وحەڵاڵی کردووە بەڵام سوود (ڕیبای) قەدەغە کردووە ئەمجا ئەو کەسەی پێی گەیشت ئامۆژگاری یەک لە پەروەردگاری یەوە, وە خێرا دەستی لێ ھەڵگرت ئەوا ئەوەی لەوەپێش وەری گرتووە بۆخۆیەتی (لە سوود خواردن) وە کاری ئەو حەواڵە بەخوایە وە ئەوەی گەڕایەوە (بۆ سوود خواردن) ئا ئەوانە ھاوڕێی ئاگرن تیا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی وھەتاھەتایی

2:276 خوا فەڕ و بەرەکەتی سوود ناھێڵێت وە برەو بە خێرو بەخشین ئەدات وزیادی ئەکات وە خوا خۆشی ناوێت ھیچ بێباوەڕ و ناسوپاسگوزارێکی تاوانکار

2:277 بەڕاستی ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە, وە کردەوە باشەکانیان کردوە, وە نوێژیان بەھۆش و بیرەوە کردووە وە زەکاتیان داوە تەنھا پاداشتیان لای پەروەردگاریانە وە ھیچ ترسێکیان لەسەر نیە (لەڕۆژی دواییدا) وە ھیچ خەفەتێک ڕوویان تێ ناکات

2:278 ئەی ئەو کەسانەی بڕواتان ھێناوە (بە خوا) لە خوا بترسن وە دەست ھەڵگرن لەو سودەی کە لای خەڵک ماوتانە ئەگەر ئێوە بڕوادارن

2:279 ئەمجا ئەگەر دەستتان لێ ھەڵنەگرت کەواتە بزانن و ئاگادار بن جەنگ لەگەڵ خوا و پێغەمبەرەکەی ڕادەگەیەنن وە ئەگەر پەشیمان بوونەوە ئەوا تەنھا سەرمایەکانتان ھی ئێوەیە نەستەم بکەن (لە خەڵکی) وە نەستەمتان لێ دەکرێت

2:280 وە ئەگەر قەرزدار نەدار بوو ئەوە با مۆڵەتی بدرێت تا خوا دەسەڵاتی دەدا وە ئەگەر (لە قەرزەکە) یان خۆش بن باشترە بۆتان ئەگەر تێ بگەن

2:281 وە بترسن لـە ڕۆژێک دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای خوا لەپاشان پاداشت ئەدرێتەوە بە ھەموو کەسێک (پاداشت و سزای) ئەوەی کردوەیەتی وە ئەوان ستەمیان لێ ناکرێ