محمد صالح بامۆکی — 43
2:257 خوا دۆست و پشتیوانی ئەوانەیە کە بڕوادارن دەریان دەھێنێت لە تاریکستانی بێ بڕوایی بۆ ڕووناکی باوەڕ وڕێنمونی وە ئەوانەی کە بێ بڕوان شەیتان دۆستیانە دەریان دەھێنێ لە ڕوناکی (بیر و باوەڕە) وە بۆ تاریکستانی (گومڕایی) ئەوانە ھاوڕێی دۆزەخن تیایا ئەمێننەوە ھەتا ھەتایە
2:258 ئایا ئاوڕێک نادەیتەوە بەلای ئەو (نەمروودە) ی کە دەمەقاڵێی کرد لەگەڵ ئیبراھیم پێغەمبەردا (علیە السلام) دەرحەق بە پەروەردگاری لەبـەر ئەوەی خوا پادشایی دابویە کاتێ کە ئیبراھیم (لە وەڵامی نەمرود دا) ووتی: پەروەردگاری من ئەو زاتەیە ژیان ئەداو ژیان دەستێنێ و (دەمرێنێت) (نەمرود) ووتی: منیش ژیان ئەدەم وە ژیان دەستێنم ودەشمرێنم (دوو زیندانی کراوی ھێنا یەکێکیانی ئازاد کردو ئەوی دیکەیانی کوشت) ئیبراھیم ووتی: بێگومان خوا خۆر لە ڕۆژھەڵاتەوە ھەڵدەھێنێ دە (ئەگەر دەتوانیت) تۆ لە ڕۆژئاواوە ھەڵیبێنە ئەمجا دەم کوت بوو ئەو بێ بڕوایە (نەمروود) وە خوا ڕێنمونی گەلی ستەمکاران ناکات
2:259 یا وەک ئەو کەسە (عوزەیر) کە ڕابورد بەلای شارێکدا (بیت المقدس) لە کاتێکدا ئەو (شارە) دیوارەکانی ڕوخا بوو بەسەر سەربانەکانیدا (عوزەیر) ووتی: خوا چۆن ئەم شارە ئاوەدان دەکاتەوە پاش مردنی؟ (واتە پاش وێران بوونی) یەکسەر خوای گەورە (عوزەیری) سەد ساڵ مراند و پاشان زیندووی کردەوە (خوای گەورە) فەرمووی: چەندە ماویتەوە لێرەدا؟ ووتی ڕۆژێک یا بەشێ لەڕۆژێک ماومەتەوە (خوای گەورە) فەرمووی: نەخێر بەڵکو سەد ساڵ ماویتەوە جا تەماشای خواردن و خواردنەوەکەت بکە تێک نەچووە، وە تەماشای گوێدرێژەکەت بکە (وە زیندوومان کردیتەوە) تا بتگێڕین بە موعجیزە و (بەڵگە) بۆ خەڵکی وە تەماشای ئێسکەکانی (گوێدرێژەکەت) بکە چۆن بەرزیان دەکەینەوە (لە شوێنی خۆیان) و یەکیان دەخەین پاشان گۆشتی بەسەردا دەھێنین ئەمجا کاتێ ئەمانە دەرکەوت بۆی (عوزەیر) ووتی: بەچاکی تێگەیشتم بەڕاستی خوا خاوەن دەستەڵاتە بەسەر ھەموو شتێکدا