محمد صالح بامۆکی — 413
31:20 ئایا نەتانزانیوە کە بەڕاستی خوا ڕامی ھێناوە بۆتان ئەوەی لەئاسمانەکان و ئەوەی لەزەویدایە وە نیعمەتەکانی ڕشتووە بەسەرتاندا چ دیار و ئاشکرا و چ پەنھان و نادیارە ھەندێك لەئادەمی موجادەلە و دەمەقاڵێ دەکات لەبارەی خواوە بەبێ ھیچ زانیاریەك یان ڕێنمونیەك یان کتێبێکی ڕوون وئاشکرا
31:21 کاتێك پێتان بووترێت شوێن ئەو (قورئانه) بکەون کە خوا ناردویەتە خوارەوە دەڵێن: نەخێر بەڵکو شوێن ئەوە دەکەوین کە باوو باپیرانمان لەسەری بوون ئەگەر چی باوو باپیرانیشیان ھیچ تێ نەگەیشتبن و گومڕا بووبن (ڕێنمایش وەرنەگرن)
31:22 ھەرکەسێك بەڕاستی ڕووبکاتە خوا (ملکەچی فەرمانەکانی ئەو ببێت) و چاکەکار بێت (لەگوفتار و کرداریدا) ئەوە بێگومان دەستی گرتووە بە بەھێزترین دەستە گییرەوە (کە یەکخواپەرستی وئاینی پیرۆزی ئیسلامە) وە سەرئەنجامی ھەموو کارێک تەنھا بۆلای خوایە
31:23 وە ھەرکەس بێ بڕوا بوو، بابێ بڕواییەکەی خەفەتبارت نەکات گەڕانەوەیان تەنھا بۆلای ئێمەیە ئەمجا ھەواڵیان دەدەینێ بەوەی کردوویانە بەڕاستی خوا بەوەی لەناو دڵەکاندایە ئاگادارە
31:24 کەمێك نازو نیعمەتیان پێ دەدەین (لە دونیادا ) لەپاشان ناچاریان دەکەین کە بڕۆنە ناو سزای سەختەوە
31:25 سوێند بەخوا ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت کێ ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە بێگومان دەڵێن: خوا (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵی: سوپاس بۆ خوا (کەدان بەو ڕاستیەدا دەنێن) بەڵام زۆربەیان نازانن
31:26 موڵکی خوایە ئەوەی لەئاسمانەکان و زەویدایە بەڕاستی ھەر خوایە بێ نیازی ستایشکراو
31:27 بێگومان ئەگەر ھەرچی درەخت لەزەویدایە قەلەم و پێنووس بێت ھەموو دەریای زەوی ببێتە مرەکەب حەوت دەریای تر دوای ئەوەی (باسکرا) ببێت بەمرەکەب ووتە و زانراوەکانی خوا دوایی نایەن و تەواو نابن بەڕاستی خوا زاڵی باڵادەست وکار دروستە
31:28 دروستکردنی ھەمووتان (لەسەرەتاوە) و زیندووکردنەوەتان وەك (دروستکردن و زیندوکردنەوەی) تەنھا کەسێك وایە بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە