>

محمد صالح بامۆکی — 402

29:46 دەمەقاڵێ و موجادەلە مەکەن لەگەڵ خاوەنی کتێبە ئاسمانیەکاندا بە جوانترین شێوە نەبێت جگە لەوانەیان کە ستەمیان کرد (لە ئێوە) وە (بە خاوەن کتێبەکان) بڵێن باوەڕمان ھێناوە بەوەی نێردراوەتە خوارەوە بۆ ئێمە و (بەوەش) نێردراوەتە خوارەوە بۆ ئێوە وە خوای ئێمە و خوای ئێوە یەکێکە وە ئێمە بۆ ئەو (خوا) گەردن کەچین

29:47 ھەروەك (پێغەمبەرانی پێشوو) قورئانمان بۆ تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) ناردەخوارەوە جا ئەو کەسانەی کە کتێبمان پێداون (ھەندێکیان) باوەڕ بەو (قورئانە) دەھێنن وە لەمانەش (بت پەرستەکانی عەرەب) کەسانێك بڕوای پێ دەھێنێت تەنھا بێ باوەڕانی (ڕۆچوو) دان نانێن بە ئایەتەکانی ئێمەدا

29:48 وە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) پێش ئەم (قورئانە) ھیچ کتێبێکت نەدەخوێندوەتەوە وە بەدەستی ڕاستت نەتنوسیووە (ئەگەر وابوایە) ئەو کاتە ناڕاستەکان (بێ بڕوایان) دەکەوتنە گومانەوە

29:49 (نەخێر وا نیە گومان دەبەن) بەڵکو قورئان نیشانەکانی ئاشکران لە دڵ و دەرونی کەسانێکدایە کە زانستیان پێدراوە (لە لایەن خواوە) تەنیا ستەمکاران دان نانێن بە نیشانەکانی ئێمەدا

29:50 وە ووتیان ئەوە بۆ چەند موعجیزە و بەڵگەیەك دانابەزێنرێت بۆ سەری (موحەممەد ﷺ) لەلایەن پەروەردگاریەوە بڵێ (پێیان ھێنانە خوارەوەی) موعجیزەکان تەنھا لەلایەن خواوەیە وە بەڕاستی من تەنھا ترسێنەرێکی ئاشکرام

29:51 ئایا بۆ ئەوان بەس نیە کە ئێمە قورئانمان ناردۆتە خوارەوە بۆ سەر تۆ، دەخوێنرێتەوە بەسەریاندا بەڕاستی لەم قورئانەدا بەزەیی و پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ باوەڕداران

29:52 بڵێ (پێیان) خوا بەسە بۆ شایەتیدان لەنێوان من و ئێوەدا ئەوەی لەئاسمانەکان و زەویدایە دەیزانێت وە کەسانێك کە باوەڕیان ھێناوە بە بەتاڵ و بێ باوەڕبوون بەخوا تەنھا ئەوانەن زەرەرۆمەندان