>

محمد صالح بامۆکی — 396

28:85 بێگومان ئەو (خوایەی) کەقورئانی بۆ تۆ ناردووە (پێویست کردووە) دەتگێڕێتەوە بۆ مەککە (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ پەروەردگارم زاناترە بەو کەسەی ڕێنمونی (ئاینی ڕاستی) ھێناوە وە بەو کەسەی لەگومڕاییەکی ڕوون و ئاشکرادایە

28:86 وە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بەھیوا نەبوویت کەئەم (قورئانە)ت بۆ بنێردرێ بەڵام ڕەحمەتێك بوو لەلایەن پەروەردگاتەوە (بۆت نێردرا) کەواتە ھەرگیز مەبە بەپشتیوان بۆ بێ بڕوایان

28:87 وە با (بێ بڕوایان) ڕێگریت نەکەن لە(گەیاندنی) ئایەتەکانی خوا دوای ئەوەی دابەزێنراوە بۆت بانگی (خەڵك) بکە بۆلای پەروەردگارت وە لەھاوبەشدانەران مەبە

28:88 وە لەگەڵ خوادا ھیچ پەرستراوێکی تر مەپەرستە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست و بەھەق نیە جگە لەخوا ھەموو شتێك لەناو دەچێت جگە لە ڕووی پیرۆزی ئەو نەبێت (لەم ئایەتە پیرۆزەدا جێگیرکردنی سیفەتی (وجە - ڕوو) بۆ خوای گەورە ھاتووە، بەڵام بەشێوەیەك کە شایستەی گەورەی وتەواوی زاتی خوا بێت، بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەك، بڕوامان پێیەتی وچۆنیەتیەکەی نازانین) بڕیارو حوکم تایبەتی خوایە و تەنھا بۆ لای ئەویش دەگەڕێنرێنەوە

29:1 بە (ئەلیف ، لام ، میم) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە

29:2 ئایا خەڵك وا دەزانن کەوازیان لێ دەھێنرێت ئەگەر بڵێن بڕوامان ھێناوە ئیتر ئەوان تاقی ناکرێنەوە

29:3 سوێند بەخوا بێگومان کەسانی پێش ئەوانمان تاقی کردەوە (ئەمانیش تاقی دەکەینەوە) ئەمجا بێگومان خوا ئەو کەسانەی ڕاستیان کرد دیاری دەکات درۆزنەکانیش دیاری دەکات (دەناسرێن)

29:4 یا ئەوانەی خراپەکان دەکەن وایان زانیووە کە لە دەستمان دەردەچن زۆر خراپە ئەو بڕیارەی دەیدەن

29:5 ھەر کەس ئومێدی وایە بگات بەدیداری خوا (با بەندایەتی خوا بکات) چونکە بەڕاستی کاتی دیاریکراوی خوا ھەردێت وە تەنھا خوایە بیسەر و زانا و ئاگادار

29:6 وە ھەرکەس جیھاد بکات و تێبکۆشێت ئەوە تەنھا بۆ خۆی تێ دەکۆشێت بەڕاستی خوا لە ھەموو جیھانیان بێ نیاز ودەوڵەمەندە