>

محمد صالح بامۆکی — 392

28:51 سوێند بەخوا (ئایەتەکانی) قورئانمان بەشوێن یەکدا بۆ ناردن تا پەند وەرگرن و بیربکەنەوە

28:52 ئەو کەسانەی لەپێشدا کتێبی ئاسمانیمان پێ دابوون ئەوانە بڕوا دەھێنن بەقورئان

28:53 وە کاتێك (قورئان) بخوێنرێتەوە بەسەریاندا دەڵێن باوەڕمان پێ ھێناوە بێگومان ئەم (قورئانە) ڕاستەو لەلایەن پەروەردگارمانەوە ھاتووە بەڕاستی ئێمە لەپێش (ھاتنی) قورئان دا موسڵمان بووین

28:54 ئەوانە دووجار پاداشتیان پێ دەدرێت لەبەر ئەوەی خۆیان گرت و بەئارام بوون بەچاکە ڕێگری لە خراپەدەکەن وە لەو ڕزق و ڕۆزیەی پێمان داون دەبەخشن

28:55 وە کاتێك قسەی ناپەسەند و ھیچ و پوچ ببیستن پشتی تێدەکەن وە دەڵێن (بەنەفامان ئەنجامی) کردەوەکانمان بۆ خۆمانەو (ئەنجامی) کردەوەکانی ئێوەش بۆ خۆتانە سەلامتان لێ بێ ئێمە ھاوڕێیەتی نەفامانمان ناوێت

28:56 بەڕاستی (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆ ناتوانیت ئەو کەسەی خۆشت بوێ ڕێنمونی بکەیت بەڵام خوا ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات و ئەو(خوایە) زاناترە بەوانەی ڕێنمونی وەرگرن

28:57 وە(بێ باوەڕان) دەڵێن ئەگەر ئێمە شوێنی ڕێنمونی (ئەو ئاینە) بکەوین کە بەتۆیە دەفڕێندرێین لەخاك و ووڵاتماندا (ودەردەکرێین وماڵ وسامانمان بەتاڵانی دەبرێت) (جا خوای گەورە وەڵامیان دەداتەوە ودەفەرموێت ) ئایا ئێمە ئەوانمان جێگیر نەکردووە لەشارێکی پڕ ئەمن وئاسایشی (وەك شاری مەککە کە ھەموو کوشت وبڕ وخراپەکاریەکی تێدا قەدەغە وحەرامکراوە) کۆدەکرێتەوەو دەبرێت بۆ ئەوێ ( بۆ شاری مەککە) ھەموو جۆرە بەروبوومێك بەڕۆزیدان لەلایەن ئێمەوە بەڵام زۆربەیان نازانن و تێ ناگەن

28:58 وە(خەڵکی) زۆر شار و دێھاتمان لەناو برد لەبەر خۆشگوزانیان یاخی بوون (و سوپاسی چاکەکانی خوایان نەکرد) جا ئەوە جێ و شوێنەکانیانە (وێران کراوە) لەپاش (تیا چوونی) ئەوان بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت (لەلایەن ڕێبوارانەوە) کەسی تیا نیشتەجێ نەبووە وە ئێمە بووینە میراتگریان

28:59 وە پەروەردگارت ھیچ شار وگوندێکی وێران نەکردووە ھەتا لەشارە گەورەکەیاندا پێغەمبەرێکی نەناردبێت ئایەتەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنێـتەوە وە ئێمە وێرانکاری ھیچ گوند و شارێك نەبووین مەگەر کاتێک خەڵکەکەی ستەمکار بووبن