محمد صالح بامۆکی — 281
16:119 پاشان بەڕاستی پەروەردگارت بۆ ئەوانەی خراپەیان کردووە بەنەفامی پاشان دوای ئەوە گەڕاونەتەوە و تۆبەیان کردووە و کرداری خۆیان چاک کردووە بەڕاستی پەروەردگارت لە پاش ئەوانە لێبوردە و میھرەبانە
16:120 بەڕاستی ئیبراھیم (بۆ خۆی) ئوممەتێک بوو گوێڕایەڵ و فەرمانبەردار بۆ خوا لا دەربوو لە ھەموو ئاینێکی ناھەق و ھەرگیز لە ھاوبەشدانەران نەبووە
16:121 شوکرانە بژێری (خوا) بووە لە بەرامبەر نازو نیعمەتەکانیدا ئەویش ھەڵیبژارد و ڕێگەی ڕاستی نیشاندا (کە ئیسلامە)
16:122 وە ئێمە لە دونیادا ناز و نیعمەتی چاکمان پێ بەخشی وە بەڕاستی ئەو لە ڕۆژی دوایشدا لە ڕیزی چاکاندایە
16:123 پاشان نیگامان بۆ کردیت کە پەیڕەوی ئاینی ئیبراھیم بکە چونکە پاک و ڕاست بوو بەھیچ جۆرێک لە ھاوبەشدانەران نەبوو
16:124 بێگومان (ڕێزگرتنی) ڕۆژانی شەممە تەنھا لەسەر ئەوانە دانرا کە جیاواز بوون تیایدا وە بەڕاستی پەروەردگارت دادوەری دەکات لە نێوانیاندا لە ڕۆژی دواییدا لەوەی کە ئەوان تیایدا جیاواز بوون
16:125 (خەڵکی) بانگ بکە بۆ ڕێبازی پەروەردگارت بە دانایی و بە ئامۆژگاری جوان و چاک و شیرین وە لەگەڵیان بدوێ (موجادەلە بکە) بەچاکترین شێوە بێگومان پەروەردگارت خۆی چاک دەزانێت بەوانەی گومڕا بوون و لایاندا وە لە ڕێگاکەی وە ھەر خۆشی زانایە بەوانەی لەسەر ڕێگای ڕاستن
16:126 وە ئەگەر تۆڵەتان سەندەوە ئەوە بە ئەندازەی ئەو ستەمەی بەرامبەرتان کراوە تۆڵە بکەنەوە, وە ئەگەر ئارام بگرن ئەوە باشترە بۆ ئارام گران
16:127 وە (ئەی موحەممەد ﷺ) دان بە خۆتدا بگرە ئارام گرتنەکەشت ھەر بە (یارمەتی) خوایە و خەفەتیان بۆ مەخۆ و بەو فێڵ و پیلانانەش دەیکەن دڵ تەنگ مەبە
16:128 بەڕاستی خوا لەگەڵ ئەوانەیە کە خۆیان پاراستووە (لە تاوان) ھەروەھا لەگەڵ ئەوانەشدایە کە خێرخواز و چاکەکارن