>

محمد صالح بامۆکی — 263

15:16 سوێند بە خوا بێگومان ئێمە دروستمان کردووە چەند بورجێک لە ئاسماندا و ئەو (ئاسمانە) مان ڕازاندۆتەوە بۆ سەرەنجدەران و تەماشاکەران

15:17 و ئەو (ئاسمانە) مان پاراستووە لە ھەموو شەیتانێکی دەرکراو لە بەزەیی خوا

15:18 مەگەر ئەوانەی کە بە دزیەوە گوێ دەگرن یەکسەر گڕو ئاگرێکی دیار دوای دەکەوێت (وڕاوی دەنێت)

15:19 زەویشمان ڕاخستووە و چەند کێو و شاخی دامەزراومان تێدا داناوە و ڕواندوومانە تیایدا لە ھەموو ڕووەک و درەختێک بەڕێک و پێکی

15:20 وە لەو (زەویە) دا ھۆکارەکانی ژیانمان بۆ ئێوە ڕەخساندوە ھەروەھا بۆ ئەوانەش کە ئێوە ڕزق و ڕۆزیان نادەن

15:21 وە ھیچ شتێک نیە مەگەر خەزێنەکانی لای ئێمەیە و نای نێرین و نایدەین بەئەندازەی دیاریکراو نەبێت

15:22 وە بـا ( ھەوا) مان ناردووە کە پیتێنەری دارو درەخت بێت ئەمجا لە ئاسمانەوە بارانمان باراندووە, وە ئێوەمان پێ تێراو کردووە لە کاتێکدا ئێوە نەتان دەتوانی ئەو (ئاوە) خەزن بکەن

15:23 بێگومان ھەر ئێمە دەژێنین و دەشمرێنین ھەر ئێمەش میراتگری ھەمووانین

15:24 سوێند بە خوا ئێمە ئاگادارین بەوانەی لەپێش ئێوەوە بوون و سوێند بە خوا بێگومان ئەوانەش دەناسین کە پاش ئێوە دێن

15:25 بێگومان ھەر پەروەردگارت ھەموویان کۆ دەکاتەوە بەڕاستی ھەر خۆی کاردروست و زانایە

15:26 سوێندبێت بێگومان ئێمە ئادەمیمان دروستکرد لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق

15:27 جنۆکەشمان پێشتر دروستکرد لە ئاگرێکی بەتین

15:28 (بیریان بخەرەوە) کاتێک پەروەردگارت بە فریشتەکانی فەرموو بەڕاستی من بەشەرێک دروست دەکەم لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق

15:29 ھەر کاتێک ڕێک وپێکم کرد و فوم بە بەریدا کرد لە رۆحێک کە خۆم دروستم کردووە (مەبەست لەدانە پاڵی رۆح بۆلای خوا ڕێز و تەشریفە) دەبێ یەکسەر سوژدەی بۆ بەرن

15:30 جا فریشتەکان ھەموو تێکڕا سوژدەیان برد (بۆی)

15:31 ئیبلیس (شەیتان) نەبێت کە سەرپێچی کرد لەوەی کە لەگەڵ سوژدەبەراندا بێت (بۆ ئادەم)