محمد صالح بامۆکی — 25
2:164 بەڕاستی ھەیە لە دروست کردنی ئاسمانەکان وزەوی و جیاوازی شەو وڕۆژ (بە کورتی و درێژی) و ئەو کەشتیانەی کەدێن ودەچن لەناو دەریادا بەوشتانە کەقازانج دەگەیەنن بەخەڵکی وە ئەوەی کە خوا لەئاسمانەوە باراندی لە ئاو (باران) پاشان زەوی پێ زیندوو کردەوە (پێ بووژاندەوە) پاش مردنی وە بڵاوی کردەوە تێیدا لەھەموو جۆرە زیندەوەرێک وە گێڕانی بایەکان (بە ھەموولایەکدا) وە ئەو ھەورانەی تەرخان کراون لەناوەندی ئاسمان و زەویدا چەند بەڵگەن بۆ کەسانێک کە تێبگەن
2:165 وە کەسانی واھەیە لە خەڵکی کەھاوبەشی زۆر بۆ خوا پەیدا دەکەن خۆشیان دەوێن وەک خۆشەویستی (ئیمانداران بۆ) خوا بەڵام ئەوانەی بڕوایان ھێناوە زۆر زیاتر خوایان خۆش دەوێت ئەگەر ببینن ئەوانەی ستەمیان کردوە (بە ھاوبەشی پەیدا کردن بۆخوا) کاتێک کە چاویان دەکەوێت بەسزای (خوا دەزانن) کە ھەرچی دەسەڵات ھەیە ھەمووی بۆ خوایە وە بێگومان سزای خوا زۆر سەختە
2:166 کاتێک کە ئەو کەسانەی خەڵک شوێنیان کەوتون لە دونیادا ( واتە سەرۆکە گومڕاکارەکان ) یەخە ھەڵئەتەکێنن لەوانەی (لە دونیادا) دوایان کەوتوون وە سزای (دۆزەخیان بەچاوی خۆیان) بینی وە ھەموو پەیوەندیەکیان بچڕایەوە
2:167 وە ئەوانەی کە دوایان کەوتبوون ووتیان خۆزگە ئێمە بگەڕاینایەتەوە (بۆ دونیا) تا یەخەمان لێ ھەڵبتەکاندنایە ھەر وەک (ئەوان) چۆن یەخەیان لەئێمە ھەڵتەکاند ھەر بەو شێوەیە خوا کردەوەکانیان نیشان ئەدات ئەیکات بەداخ لەسەر دڵیان وە ئەوان دەرچوونیان نییە لە ئاگر
2:168 ئەی خەڵکینە بخۆن لەوەی کەلە زەویدایە بەحەڵاڵی و پاکی وە دوای ھەنگاوەکانی شەیتان مەکەون بەڕاستی شەیتان دوژمنێکی ئاشکراتانە
2:169 بەڕاستی (شەیتان) فەرمانتان پێ دەدات بەتاوان و خراپە لەگەڵ ھەڵبەستنی شتی وا بەدەم خواوە کە نازانن