محمد صالح بامۆکی — 202
9:94 عوزر و بەھانەتان بۆ دەھێننەوە کاتێک (لەجیھاد وغەزا) گەڕانەوە بۆلایان بڵێ بەھانە و عوزر مەھێننەوە ئێمە ھەرگیز باوەڕتان پێ ناکەین چونکە بەڕاستی خوا ئاگاداری کردووین لە ھەواڵەکانتان (کە ئێوە ناپاک و دوو ڕوون) وە لە داھاتوودا خوا و پێغەمبەرەکەی کردەوەکانتان دەبینن پاشان (لەڕۆژی دواییدا) دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای زانای ھەموو نھێنی و ئاشکراکان (کە خوای گەورەیە) ئەمجا ھەواڵتان پێدەدات بەوەی لە دونیادا دەتان کرد
9:95 بەزوویی سوێندتان بۆدەخۆن بەخوا کاتێک گەڕانەوە بۆلایان بۆ ئەوەی چاوپۆشیان لێ بکەن و سەرزەنشتیان نەکەن ئێوەش ڕوویان لێوەرگێڕن بەڕاستی ئەو (دوو ڕووانە) پیس و (نەگریسن) وە جێگایان دۆزەخە (لە ڕۆژی دواییدا) تۆڵەیان لێ دەسەنرێت بەھۆی ئەو تاوان وخراپەی لەدونیادا دەیان کرد
9:96 (بە درۆ) سوێندتان بۆ دەخۆن بۆ ئەوەی لێیان ڕازی بن جا ئەگەر ئێوەش لێیان ڕازی بن ئەوە بێگومان خوا ڕازی نابێت لەکەسانی دەرچوو لەسنوور (تاوانبار)
9:97 عەرەبە دەشتەکیەکان بێ بڕوایی و دوو ڕووییان بەھێز ترە و شایستەترن کە نەزانن ئەو سنوورانەی خوا ناردوویەتیە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەرەکەی ﷺ وە خوا زانا وکاردروستە
9:98 وە لەو عەرەبە دەشتەکیانەدا ھەندێک ھەیە ئەوەی لێی وەردەگیرێت و دەی بەخشێت بەباج و سەرانەی دادەنێت وە چاوەڕوانی دەکەن بەسەر ھاتی خراپتان بەسەردا بێت بەڵاو بەسەر ھاتی خراپ بە سەر خۆیاندا بێت خواش بیسەر و زانایە
9:99 وە ھەندێکی تر لەو عەرەبە دەشتەکیانە ھەیە کە باوەڕیان بەخوا و بەڕۆژی دوایی ھەیە وە وای دادەنێت ئەوەی دەی بەخشێت ھۆی نزیک بوونەوەیە لە خوا وە دوعا کردنی پێغەمبەر ﷺ بێداربن بێگومان ئەوە ھۆی نزیک بوونەوەیانە لەخواوە لە ئایندەدا خوا دەیانخاتە ناو میھرەبانی و ڕەحمەتی خۆیەوە بێگومان خوا لێبوردە و میھرەبانە