محمد صالح بامۆکی — 178
8:9 (بیربکەنەوە) کاتێک (لە بەدردا) ھاناتان بۆ پەروەردگارتان دەبرد خواش ھات بەھاناتانەوە ووتی من دەینێرم بۆ یارمەتیان ھەزار فریشتە بە دوای یەکدا (دێنە خوارێ)
8:10 وە خوا ئەوەی تەنھا بۆ شادی و موژدە نارد تا دڵەکانتان پێی ئارام بگرێت وە سەر کەوتنیش تەنھا لای خواوەیە و بەس بەڕاستی خوا بەدەستەڵاتی کاربەجێیە
8:11 (بیربکەنەوە) کاتێک (خوا) وەنەوزی بەسەرتاندا ھێنا (بووە ھۆی) دڵنیایی ئێوە لە لایەن (پەروەردگار) خۆیەوە بارانیشی لە ئاسمانەوە بۆ باراندن تا پاکتان بکاتەوە پێی و پیسی شەیتان (دوو دڵی و گومان) لەئێوە دوور بخاتەوە و پەیوەندی دڵەکانتان پتەو بکات وە بەو (بارانە) پێکانتان دامەزراو و جێگیر بکات (لەگۆڕەپانی جەنگدا)
8:12 (بیھێنەوە بیر) کاتێک کە پەروەردگارت نیگای نارد بۆ فریشتەکان (کە بە پێغەمبەر وباوەڕداران ڕابگەیەنن) کە بێگومان من (خوای گەورە) لەگەڵتانم دەی دڵی کەسانێک قایم و دامەزراوکەن کە باوەڕیان ھێناوەبە زوویی ترس و بیم دەخەمە دڵی ئەو کەسانەی کە بێ باوەڕ بوون جا ئێوەش لەسەرووی گەردنیان بدەن (واتە: سەریان) وە لە ھەموو سەر پەنجەکانیان بدەن (واتە لە ھەموو لاشەیان بدەن لەسەرەوە تا خوارەوە)
8:13 ئەوە لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی ئەوانە دژایەتی خوا و پێغەمبەرەکەیان کرد ھەر کەسێکیش دژایەتی خوا و پێغەمبەرەکەی بکات ئەوە بێگومان تۆڵە و سزای خوا زۆر سەخت وبەتینە
8:14 (حوکم و سزای ئێوە) ئەوەیە دەی بیچەژن وە بەڕاستی بۆ بێ بڕوایان سزای ئاگری دۆزەخ ھەیە
8:15 ئەی ئەو کەسانەی کە بڕواتان ھێناوە کاتێک (لەجەنگدا) ڕووبەڕووی زۆرێک لەبێ باوەڕان بوونەوە قەت پشتیان تێ مەکەن و ھەڵمەیەن
8:16 وە ھەر کەس لەو ڕۆژەدا پشتیان تێ بکات و ھەڵبێت مەگەر (مەبەستی ئەوەبێت) بۆ ھێرش کردن بگەڕێتەوە سەریان یان بڕوات بۆ لای کۆمەڵێکی تر و (یارمەتیان بدات) ئەوە بێگومان بەڕق و خەشمی خواوە دەگەڕێتەوە, وە جێگای دۆزەخ دەبێت کە جێگـایەکی زۆر خراپ و بەدە