محمد صالح بامۆکی — 176
7:196 بەڕاستی پشتیوان و دۆستی من ھەر خوایە ئەو (خوایەی) کەقورئانی ناردە خوارەوە, وە ھەر ئەویش پشتیوانی چاکەکاران دەکات
7:197 وە ئەوانەی ئێوە جگە لە خوا ھانایان بۆ دەبەن ناتوانن یارمەتیتان بدەن ناشتوانن یارمەتی خۆیان بدەن
7:198 وە ئەگەر بانگیان بکەن بۆ ڕێگای ڕاست ئەوان نابیستن وە وادەزانیت بۆ تۆ دەڕوانن لەکاتێکدا ئەوان ھیچ نابینن
7:199 دەست بگرە بە لێبوردەییەوە (چاوو پۆشی بکە) فەرمانیش بدە بە چاکە و چاکە کردن و ڕوو وەرگێڕە لە نەفامان و نەزانان (وازیان لێ بھێنە)
7:200 وە ئەگەر خەتەرە و خەیاڵ و وەسوەسەیەکت بۆ ھات لە لایەنی شەیتانەوە یەکسەر پەنا بگرە بەخوا بەڕاستی ھەر ئەو بیسەری زانایە
7:201 بەڕاستی ئەوانەی خواناس و پارێزکار بوون کاتێک خەتەرو وەس وەسەیەکیان لەشەیتانەوە پێ بگات یادی خوا دەکەن و خوایان بیر دەکەوێتەوە جا کتوپڕ بەرچاویان ڕۆشن دەبێتەوە (ڕاستی دەدۆزنەوە)
7:202 وە برا (شەیتانە) کانیان یارمەتیان دەدەن لەگومڕایی بووندا پاشان کۆتایی ناھێنن و واز ناھێنن (بۆ گومڕا کردنیان)
7:203 وە ھەر کاتێک (وەحی دوا بکەوێت) ئایەتێکیان بۆ نەھێنی دەیانووت: بۆچی لەخۆتەوە ڕێکی ناخەیت (بۆ خۆت ھەڵی نابەستی) (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: بێگومان من ھەر شوێنی ئەوە دەکەوم کە لەلایەن پەروەردگارمەوە وەحیم بۆ دەکرێت ئەم (قورئانە) بەرچاو ڕۆشنی و بەڵگەیە لەلایەن پەروەردگارتانەوە و ڕێنمونی و نیشاندەرە و میھرەبانی و بەزەیی خوایە بۆ گەل و ھۆزێک کە باوەڕ دەھێنن
7:204 وە کاتێک کە قورئان خوێندرا دەبێت گوێی لێ بگرن و بێ دەنگیش بن بۆ ئەوەی خوا ڕەحمتان پێ بکات
7:205 وە لە (دڵ) و دەروونتدا یادی پەروەردگارت بکە بە پاڕانەوە و ترس و بیمەوە بەبێ ئەوەی دەنگ بەرزبکەیتەوە لە بەرەبەیانی و دەماو دەمی ئێواراندا وە لە بێ ئاگایان مەبن
7:206 بە ڕاستی ئەو فریشتانەی کە لای پەروەردگارتن خۆ بە زل نازانن لە پەرستنی ئەو (خوا) و ھەمیشە ستایشی دەکەن (کڕنووشی بۆ دەبەن) و تەنھا سوژدە بۆ ئەو دەبەن