محمد صالح بامۆکی — 166
7:131 جا کاتێک چاکەیان بۆ بھاتایە (لە سەروەت و بەروبووم) دەیانووت: ئەمە ھەر ھی ئێمەیە (شایستەی ئێمەیە) بەڵام کاتێک تووشی بەڵاو خراپە بوونایە (دەیانووت) بەھۆی شوومی موسا و شوێن کەوتووانیەوەیە بێداربن بێگومان ئەو (ناخۆشیانەی) بەلایانەوە شووم و خراپە لەلایەن خواوەیە (نەک موسا و ئیمانداران) بەڵام زۆربەیان بێ ئاگان ونازانن
7:132 دەیانووت (بە موسا) ھەر موعجیزەیەکمان بۆ بھێنی بۆ ئەوەی جادومان لێ بکەی پێی ئەوە ئێمە باوەڕت پێ ناھێنین
7:133 ئەوسا ئێمەش ناردمانە سەریان لافاو وکوللە و ئەسپێ جۆرەھا بۆق و خوێن کەچەند بەڵگەو موعجیزەیەکی ڕوون بوون کەچی خۆیان بە گەورە زانی (لەوەی کە بڕوا بھێنن) بێگومان ئەوانە گەلێکی تاوانبار بوون
7:134 کاتێکیش ئەو سزاو بەڵایان بەسەردا ھات ووتیان: ئەی موسا لە پەروەردگارت بپاڕێرەوە بۆمان وەک بەڵێنی بەتۆ داوە سوێندبێ گەر ئەم بەڵاو سزایەمان لەسەر لابەری بێگومان باوەڕت پێ دەھێنین و بەنو ئیسرائیلت لەگەڵدا دەنێرین
7:135 بەڵام کاتێک سزاکەمان لەسەریان لابرد تاگەیشتنە ماوەی دیاری کراو (بۆ تیاچوونیان) دەست بەجێ پەیمانەکەیان ھەڵوەشاندەوە
7:136 جا تۆلەمان لێ سەندن وە لە دەریادا خنکاندمانن لەبەر ئەوەی ئەوان باوەڕیان بە نیشانەکانی ئێمە نەبوو وھەمیشە لێیان بێ ئاگا بوون
7:137 ئیتر (لەجێگای گەلی فیرعەون) ئەو گەلەمان نیشتەجێ کرد کە ھەمیشە دەچەوسێنرانەوە لەڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای ئەو ووڵاتەدا کەپیت و بەرەکەتمان تێ خست بوو و بەڵێنی ھەرەجوانی پەروەردگارت بەتەواوی ھاتەدی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەھۆی ئارامگریانەوە (لەسەر ناڕەحەتیەکان) وە ڕووخاندمان وتێکمان دا ئەو کۆشک و تەلارانەی فیرعەون و گەلەکەی دروستیان کردبوو ھەروەھا ئەو (مێوە و ڕەز وباخانەی) کە کەپریان بۆ کرد بوو