>

محمد صالح بامۆکی — 102

4:148 خوا پێی خۆش نیە ئاشکرا کردنی قسەی نابەجێ و خراپ مەگەر کەسێک ستەمی لێکرا بێت (بۆی دروستە خراپەی ستەمکار ئاشکرا کات) وە خوا ھەمیشە بیسەر و زانایە

4:149 ئەگەر خێر و چاکە دەرخەن (بەئاشکرا بیکەن ) یان بیشارنەوە یان ببورن لەخراپە یەک ئەوە بێگومان خوا ھەمیشە لێبوردەی بەتوانایە

4:150 بەڕاستی ئەوانەی بێ باوەڕن بەخواو پێغەمبەرەکانی وەدەیانەوێت جیاوازی بخەنە نێوان خوا و پێغەمبەرەکانی وە دەڵێن باوەڕ بەھەندێک (لەپێغەمبەران) دەھێنین وە باوەر ناھێنن بەھەندێکی تریان و دەیانەوێت لەو نێوانەدا ڕێگەیەک بدەنەبەر

4:151 ئائەوانە بەڕاستی بێ باوەڕی تەواون وە ئامادەمان کردووە بۆ بێ باوەڕان سزایەکی ڕسواکەر

4:152 وە ئەوانەی بڕوایان ھێناوە بەخواو پێغەمبەرەکانی وە ھیچ جیاوازیەکیان نەخستە نێوان ھیچ کام لەو پێغەمبەرانە ئا ئەوانە لە داھاتوودا خوا پاداشتیان دەداتەوە, وە خوا ھەمیشە لێ بووردە و میھرەبانە

4:153 (ئەی موحەمەد ﷺ) خاوەن نامەکان داوات لێ دەکەن کە بۆیان بھێنیتە خوارەوە پەڕاوێک لەئاسمانەوە جا بەڕاستی داوایان کرد لە موسا گەورەتر لەوە ووتیان خوامان نیشان بدە بەئاشکرا جابروسکەیەک لێی دان وگرتنی بەھۆی ستەم کردنیانەوە پاشان گوێرەکەیەکیان کرد بە پەرستراوی خۆیان پاش ئەوەی بۆیان ھات بەڵگە روون و ئاشکراکان ئەمجا ئێمە چاوپۆشیمان لەویش کرد (لە گوێرەکە پەرستیەکەیان) وە بەخشیمان بەموسا موعجیزە و بەڵگەی ئاشکرا (تا باوەڕ بھێنن)

4:154 وە بەرزمان کردەوە بەسەر سەریانەوە (کێوی گور) بەھۆی پەیماندانیانەوە, وە ووتمان پێیان بچنە ژوورەوە لەدەرگای (قودسەوە) بەمل کەچی وسوژدە بردنەوە, وە ووتمان پێیان دەست درێژی مەکەن لە رۆژی شەمماندا (بەڕاو کردنی ماسی) و وەرمان گرت لێیان پەیمانێکی بەھێز و بتەو