>

محمد صالح بامۆکی — 97

4:114 ھیچ چاکەیەک نیە لەزۆربەی چپەو سرتە کردنەکانیاندا مەگەر یەکێک فەرمان بکات بەماڵ بەخشین لەرێی خوادا یان فەرمانکردن بە چاکە یان چاککردنی نێوان خەڵکی جا ھەر کەسێک ئەوە بکات بەنیازی ڕەزامەندی خوا ئەوە لە داھاتوودا پێی دەبەخشین پاداشتی زۆر گەورە

4:115 وەھەرکەسێک دژایەتی (پێغەمبەر ﷺ) بکات پاش ئەوەی کە ڕێبازی ڕاستی بۆ ڕوون بوویەوە وشوێنی ڕێگایەکی تر بکەوێت بێجگە لەڕێگای بڕواداران ڕووی وەردەگێڕین بۆئەو ڕێبازەی کەھەڵی بژاردووە و دەیخەینە دۆزەخ ئای چ پاشەڕۆژێکی خراپە

4:116 بەڕاستی خوا خۆش نابێت لەوەی کەھاوەڵی بۆ دابنرێت بەڵام جگە لەوە ھەرچی بێت لێی خۆش دەبێت لە ھەرکەسێک کە (خوا) بیەوێت وە ھەرکەسێک ھاوەڵ بۆ خوا دابنێت ئەوە بەڕاستی گومڕا بووە بە گومڕابونێکی دوور لەڕاستی

4:117 جگە لە خوا نزاو ھاوار ناکەن (نایپەرستن جگە لەخوا) تەنھا لەچەند (بتێکی ناولێنراوی) مێینە نەبێت (وەک لات ومەنات وعوزا) وە نایپەرستن جگە لە شەیتانی یاخی و سەرکەش نەبێت

4:118 کە خوا نەفرەتی لێکردووە. وە (شەیتان) ووتوویەتی سوێند بێت ھەڵدەبژێرم (بەبەندەی خۆم) لەبەندەکانتدا بەشێکی دیاریکراو

4:119 سوێند بێت گومڕایان دەکەم و بەئاوات و خەیاڵی درۆینە سەرگەرمیان دەکەم وە فەرمانیان پێ دەدەم جا بێگومان ئەوانیش گوێچکەی ئاژەڵەکان دەبڕن (لەسەردەمی نەفامیدا ھەر ووشترێک پێنج سکی بکردایە گوێیان دەبڕی ولەسەر خۆیان حەرام دەکرد) وە فەرمانیان پێ دەدەم ئەوسا ئەوانیش دروستکراوی خوا دەگۆڕن وە ھەرکەسێک شەیتان بکات بەدۆستی خۆی بێجگە لەخوا ئەوە بێگومان زیانی لێ کەوتووە بەزیانێکی دیارو ئاشکرا

4:120 (شەیتان) بەڵێنیان پێ دەدات و ئاوات و ئومێدیان دەخاتەبەر دڵنیابن شەیتان ھیچ بەڵێنێکیان پێ نادات جگە لەخەڵەتاندن نەبێت

4:121 ئەوانە شوێن و جێگەیان دۆزەخە و ھیچ شوێنی ڕاکردن و لادانیان دەست ناکەوێت لێ ی