محمد صالح بامۆکی — 518
50:1 بە (قاف) دەخوێندرێتەوە، ماناکەی تەنھا خوا دەیزانێت بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە، سوێند بەقورئانی بەرز وبەڕێز (تۆ نێردراوی خوای ئەی موحەممەد ﷺ)
50:2 بەڵام (بێ باوەڕان) سەریان سوڕماوە لەوەی کە پێغەمبەرێکی ترسێنەریان بۆ ھاتووە لە خۆیان، جا بێ باوەڕان دەیان ووت ئەمە شتێکی سەیرە
50:3 ئایا کاتێ مردین وبووین بەخۆڵ (چۆن زیندوو دەبینەوە) ئەوە گەڕانەوەیەکی دوورە ونابێ
50:4 بێگومان ئێمە دەزانین زەوی چەندێ لە لاشەیان دەخوات (ھیچیمان لێ وون نابێت) پەڕاوێکیشمان لایە کە پارێزەری ھەموو شتێکە
50:5 (زیندوو بوونەوە دوور نیە) بەڵکو ئەوان باوەڕیان بەقورئان نەکرد کاتێك بۆیان ھات، بۆیە ئەوان لەناو کارێکی تێکەڵ وپێکەڵدان
50:6 دەی ئایا سەرنجی ئەو ئاسمانەیان نەداوە کە لەسەریانەوەیە چۆن دروستمان کردووە وڕازاندومانەتەوە وەھیچ درز وکەلێنێکی تێدا نیە
50:7 زەویشمان ڕاخستووە، چەندەھا شاخی دامەزراومان تێدا داناوە ڕواندومانە تێیـشیدا ھەموو جۆرە ڕووەکێکی جوان
50:8 تابەر چاو ڕوونی وپەند وبیرخەرەوە بێت بۆ ھەموو بەندەیەکی تەوبەکار وگەڕاوە بۆ لای خوا
50:9 وە لەئاسمانەوە باراندوومانە بارانێکی بەپیت وفەڕ جا بەو بارانە ڕوواندومانە باخات ودانەوێڵەی(ئەو کشتوکاڵانەی) کەدروێنە دەکرێن
50:10 ھەروەھا دارخورمای بەرز وبڵند بە ھێشووی تێك پەستراوەوە
50:11 (تابێتە) ڕزق وڕۆزی بۆ بەندەکان ھەر بەو بارانە زەوی مردو (ووشك) دەبوژێنینەوە، زیندوو کردنەوە(ی مردوانیش) ھەر بەو شێوەیە
50:12 پێش ئەمانیش باوەڕیان نەھێنا (بە پێغەمبەرەکانیان) گەلی نووح وخاوەن چاڵ وبیرەکان و(گەلی) سەموود
50:13 وەگەلی عاد وفیرعەون وگەلی لوطیش
50:14 ھەروەھا خاوەن باخاتە چڕو پڕەکان وگەلی توببەعیش ھەر ھەموویان باوەڕیان نەھێنا بەپێغەمبەرەکانیان بۆیە ھەڕەشەی (من لەدژیان) ھاتەدی
50:15 جا ئایا ئێمە لەدروستکردنی یەکەم جاردا دەستەوسان بووین (تانەتوانین زیندووتان بکەینەوە)؟! (نەخێر وانیە) بەڵکو ئەوان لە گوماندان لە دروست بوونەوەیەکی سەر لە نوێ