محمد صالح بامۆکی — 512
48:10 بەڕاستی ئەوکەسانەی پەیمان دەدەن بەتۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بێگومان ئەوانە پەیمان بەخوا دەدەن، دەستی خوا لەسەر دەستی ئەوانەوەیە (لەم ئایەتە پیرۆزەدا جێگیرکردن وباسکردنی سیفەتی دەست بۆ خوا ھاتووە ئێمەش بڕوامان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن ولەیەکدانەوەیەك، وەشێوەکەی نازانین تەنھا خوا خۆی دەیزانێت) جا ھەرکەس پەیمانەکەی شکاند ئەوە بێگومان ئەو پەیمان شکاندنە تەنھا (زیانی) بۆ خۆیەتی ھەر کەسیش وەفا بکات بەو پەیمانەی کەداوێتی بەخوا ئەوە بەڕاستی خوا پاداشتی گەورەیی دەداتێ
48:11 بێگومان پێت دەڵێن ئەو عەرەبە دەشتەکیانەی کەلە غەزا جێ مابوون، سامان وخاوخێزانمان مەشغوڵیان کردین (نەیان ھێشت بێین بۆ غەزا) لەبەر ئەوە داوای لێ خۆشبوونمان بۆ بکە، ئەوەی بەزمانیان دەیڵێن لەدڵیاندا نیە (وباوەڕیان پێی نیە) بڵێ جا کێ لەبەرانبەر خوادا ھیچی بەدەستە بۆتان ئەگەر خوا زیانێکی بۆتان بوێت یان سوودو قازانجێکی بۆتان بوێت (وانیە کە دەیڵێن) بەڵکو خوا ئاگادارە بەھەرچییەك کە دەیکەن
48:12 بەڵکو وا گومانتان دەبرد کە پێغەمبەر وئیمانداران ھەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ ناو کەس وکاری خۆیان (و شەھید دەبن) ئەو گومانە لەدڵتاندا ڕازێنرابوویەوە وە گومانی خراپتان دەبرد وبەڕاستی ئێوە گەلێکن لەناو دەچن
48:13 وە ھەر کەس باوەڕی نەھێنابێت بەخوا وپێغەمبەرەکەی ئەوە بەڕاستی ئێمە ئامادەمان کردووە بۆ ئەو بێ باوەرانە ئاگرێکی ھەڵگیرساو
48:14 ئاسمانەکان وزەوی تەنھا موڵکی خوایە، لەھەر کەس کە بیەوێت خۆش دەبێت، سزای ھەرکەسیش دەدات کە بیەوێت (لەتاوانباران) وەخوا لێبوردەی میھرەبانە
48:15 بێگومان بەجێماوان لەغەزا دەڵێن ھەرکاتێك (لەمەدینە) دەرچوون بۆ گرتنی دەسکەوتەکان (غەنیمەت) لێمان گەڕێن باشوێنتان بکەوین، دەیانەوێت ووتەی خوا (کە دەسکەوتەکانی خەیبەر بۆ بەشدارانی حودەیبیەیە) بگۆرن، (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ھەرگیز نابێت شوێنمان کەون چونکە پێشتر خوا دەربارەتان ھەروای فەرمووە، ئەمجا دواتر دەڵێن (وا نیە) بەڵکو حەسوودی بە ئێمە دەبەن (وا نیە) بەڵکو ئەوان زۆر کەم تێدەگەن