>

محمد صالح بامۆکی — 504

46:15 وە ئێمە ئامۆژگاری ئادەمیمان کرد بە چاکە کردن لەگەڵ دایك وباوکیدا، دایکی بە ناڕەحەتی وئازارەوە ھەڵی گرتووە وە بەئازار وناڕەحەتیش بوویەتی، ماوەی دووگیان بوون (ی دایك) پێیەوە و لە شیر بڕینەوەی سی مانگە تا دەگاتە تافی لاوی (پێگەیشتوی لاشەیی و ژیری) و دەگاتە چل ساڵی، دەڵێ ئەی پەروەردگار ڕام بھێنە تا شوکرانە بژێری ئەو بەھرە ونیعمەتانەت بکەم کە ڕشتوتە بەسەر من و دایك وباوکمدا وە (ڕام بھێنە) کردەوەی چاك بکەم کە تۆ پێی ڕازی بیت، نەوەکانیشم چاك و صاڵح بکە، بێگومان بۆلای تۆ گەڕاومەتەوە وە بەڕاستی من لەموسوڵمانی گەردن کەچم

46:16 ئەوانە کەسانێکن کە ئێمە کردەوە چاکەکانیان لێ وەردەگرین وە چاوپۆشی دەکەین لە خراپەکانیان لە ڕیزی بەھەشتیاندان، ئەمە ئەو بەڵێنە ڕاستەیە کە بەڵێنیان پێدرابوو لەدونیادا

46:17 ئەو کەسەش کە بەباوك ودایکی بڵێت ئۆف لە دەس ئێوە، ئایا ھەڕەشەم لێ دەکەن کە (زیندوو دەکرێمەوە و لە گۆڕ) دێمە دەرەوە لەکاتێکدا چەند چین خەڵك پێش من ڕۆیشتوون (و زیندوو نەبوونەتەوە) وە (دایکی و باوکی) ھەردووکیان ھانا بۆ خوا دەبەن، (دەڵێن) ھاوار بۆ تۆ باوەڕبھێنە بێگومان بەڵێنی خوا ڕاستە کەچی ئەو دەڵێت ئەمە تەنھا ئەفسانەی پێشینانە وھیچی تر

46:18 ئەوانە ئەو کەسانەن بڕیار(ی خوا)یان بەسەردا چەسپا لە ڕیزی ئەو ئوممەتانەدا کە پێش ئەمان ڕابوردوون لە جنۆکە وئادەمیی بێگومان ئەوانە خۆیان زەرەرمەندن

46:19 وە بۆ ھەریەك لەوانە پلە وپایە ھەیە بە گوێرەی کردەوەکانیان تا خوا پاداشت وسزای کردەوەکانیان بە تەواوی بداتەوە وە ئەوان ھیچ ستەمیان لێ ناکرێت

46:20 وە (بیریان بخەرەوە) ئەو ڕۆژەی ئەوانەی کە بێ باوەڕن بەرانبەر دۆزەخ ڕادەگیرێن (پێیان دەووترێت) ھەرچی خۆشیتان بوو بەسەرتان برد لە ژیانی دونیاتاندا وەلەزەتتان لێ برد و(ڕاتان بوارد) بۆیە ئەمڕۆ تۆڵەتان لێ دەسەنرێت بەسزایەکی ڕیسواکەر، لەبەر ئەوەی کە ئێوە بە ناھەق خۆتان بە زل دەزانی لە زەویدا وە لەبەر ئەوەی لە فەرمانی خوا دەردەچوو بوون