>

محمد صالح بامۆکی — 499

45:1 بە (حا، میم) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە

45:2 ھێنانە خوارەوەی ئەم قورئانە لەلایەن خوای باڵادەست وکاردروستەوەیە

45:3 بێگومان لە ئاسمانەکان وزەویدا چەندەھا بەڵگە ھەیە بۆ باوەڕداران

45:4 وە لە دروستکردنی خۆتاندا وە لەو گیان لەبەرانەی بڵاودەبنەوە چەند بەڵگە ھەیە بۆ کەسانێك باوەڕی بتەویان ھەبێت

45:5 وە لە جیاوازی شەو وڕۆژدا وە لەو بارانەی کەخوا لەئاسمانەوە دەیبارێنێت (کە ھۆی ڕزق وڕۆزیە) کە بەھۆیەوە زەوی زیندوودەکاتەوە (ودەبووژێنێتەوە) وە لەگۆڕانی بایەکاندا چەند بەڵگە ھەیە بۆ کەسانێك کەتێـدەگەن

45:6 ئائەمانە بەڵگەکانی خوان دەیخوێنینەوە بۆت بەڕاستی ودروستی، جا بە چی قسە وگوفتارێك دوای خوا وبەڵگەکانی باوەڕ دەھێنن

45:7 سزاو لەناوچوون بۆ ھەموو درۆزنێکی گوناھبار

45:8 کە بەڵگەکانی خوا دەبیستێت وبۆی دەخوێنرێتەوە لەپاشان (لەسەر کافری) بەردەوامە چونکە خۆبەزل زانە ئەڵێی ھەر نەیبیستووە، دەی مژدەی پێبدە بەسزایەکی سەخت

45:9 وە ھەرکاتێك شتێك لەبەڵگەکانمان ئاگاداربێت بەگاڵتەی دەگرێت، ئەوانە سزای ڕیسواکەریان بۆ ھەیە

45:10 لە پێشیانەوە ئاگری دۆزەخە، ھیچ سوودێکیان پێ ناگەیەنێت ئەوەی لە(دونیا)دا کردوویانە وە ئەو پشتیوانانەی جگە لەخوا ھەڵیان بژاردون (سوودی نیە) وە سزایەکی زۆر گەورەیان بۆ ھەیە

45:11 ئەم قورئانە ھۆی ڕێنمونیە وە ئەوانەی بێ باوەڕن بە ئایەت وبەڵگەکانی پەروەردگاریان، بۆ ئەوانە ھەیە سزایەکی پڕ ئازاری سەخت

45:12 خوا ئەو زاتەیە دەریای بۆ ڕام ھێناون تا بەفەرمانی خوا کەشتی تیایدا بگەڕێت وە تا لەھەندێك بەخششی خوا بەھرەمەند ببن وە بۆ ئەوەی سوپاسی خوا بکەن

45:13 وە ئەوەی لە ئاسمانەکان وزەویدا ھەیە بۆ ئێوەی ژێربار کردووە (وخستویەتیە خزمەتتانەوە) ھەمووی لەلایەن خواوەیە، بێگومان لـەو شـتانـەدا چـەنـد بـەڵگـە ھـەیـە بـۆ کەسـانێك بیر بکەنەوە