محمد صالح بامۆکی — 483
42:1 بە (حا میم) دەخوێنرێتەوە
42:2 بە (عەین، سین، قاف) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاترو واتاکەشیان سەرنجی سەرەتای سورەتی (البقرة) بدە
42:3 ئا بەو جۆرە خودا نیگا دەکات بۆ تۆ وە بۆ ئەو (پێغەمبەرانەی) پێش تۆش خوای زاڵی باڵادەستی کاردروستە
42:4 ھەر بۆ خوایە ھەرچی لە ئاسمانەکان وە ھەرچی لە زەویدایە وە ئەو (خوا) بڵند و گەورەیە
42:5 نزیکە ئاسمانەکان پارچە پارچەببن لە سەرویانەوە وە فریشتەکان بەپاکی یاد وسوپاسی پەروەردگاریان دەکەن وە داوای لێبوردن دەکەن بۆ ئەوانەی لەزەویدان ئاگاداربن کە بێگومان تەنھا خوا لێبوردە و میھرەبانە
42:6 وە ئەوانەی جگە لەخوا دۆستانێکیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە خوا ئاگادار و چاودێرە بەسەریانەوە وە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) پارێزەر وچاودێر نیت بەسەریانەوە
42:7 ھەروەھا نیگامان کردووە بۆت قورئانێك (بەزمانی) عەرەبی بۆ ئەوەی خەڵکی مەککە و کەسانی دەوروبەری بترسێنیت وە (خەڵك) بترسێنیت لەڕۆژیی کۆکردنەوە کە ھیچ گومانی تێدا نیە کۆمەڵێك لە بەھەشتدان وە کۆمەڵێك لە ئاگریی بڵێسەداردان
42:8 وە ئەگەر خوا بیویستایە دەیکردن بەیەك نەتەوە (باوەڕداریان بێ باوەڕ) بەڵام ھەرکەسێکی بوێت دەیخاتە ناو میھرەبانی خۆیەوە، ستەمکارەکانیش ھیچ دۆست و یارمەتی دەرێکیان نیە
42:9 ئایا ئەوان جگە لەخوا پشتیوان و دۆستانێکیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردوە؟ ھەر خوا پشتیوان و دۆستە وە تەنھا ئەو مردووان زیندوو دەکاتەوە وە ئەو بەدەسەڵات وبە توانایە بەسەر ھەموو شتێکدا
42:10 وە ھەرشتێك کە تێیدا جیاواز بوون ئەوە بڕیارەکەی بۆ لای خوا دەگەڕێتەوە ئەو خوایە پەروەردگاری منە تەنھا پشتم بەو بەستووە وە ھەر بۆلای ئەویش دەگەڕێمەوە