محمد صالح بامۆکی — 448
37:52 دەیووت: ئایا بەڕاستی تۆ لەوانەی باوەڕت ھەیە (بەزیندوو بوونەوە؟!)
37:53 ئایا کاتێك مردین و بووین بە خاك و ئێسقانی ڕزیوو ئایا بەڕاستی ئێمە (زیندوو دەکرێینەوەو) سزا دەدرێن
37:54 (پیاوە بەھەشتییەکە) ووتی ئایا ئێوە تەماشا (ی دۆزەخ) ناکەن
37:55 ئەمجا خۆی سەیری کرد کتوپڕ لە ناوەڕاستی دۆزەخدا ئەو (ھاوڕێیەی) بینی
37:56 پێی ووت سوێند بەخوا نزیك بوو منیش ھەڵدێریت
37:57 وە ئەگەر میھرەبانی پەروەردگارم فریام نەکەوتایە، منیش لە ئامادەکراوان (ی ناو دۆزەخ) دەبووم
37:58 دەی ئایا ئێمە نامرین؟!
37:59 جگە لە مردنەکەی یەکەمی (دونیا)مان وەئێمە سزا نادرێین؟!
37:60 بەڕاستی ئەمەیە سەرکەوتنی گەورە
37:61 با تێکۆشەران بۆ پاشەڕۆژی ڕۆژێکی وا تێبکۆشن
37:62 ئایا ئەو (نیعمەتانەی باسکرا) ڕێزگرتن و میوان دارییە باش وچاکە، یان(بەری) درەختی ژەقنەمووت ؟
37:63 بێگومان ئێمە ئەو (دارە) مان کردە ھۆی تاقی کردنەوەی ستەمکاران (کە لە دونیادا گاڵتەیان پێدەکرد)
37:64 بەڕاستی ئەو (ژەقنەمووتە) درەختێکە لە بێخی دۆزەخ دا دەڕوێت
37:65 بەرووبوومەکەی ھەروەك سەری شەیتانەکانە (ناشیرین و چڵ چڵاویە)
37:66 جا بێگومان ئەو (دۆزەخیانە) لەو درەختە دەخۆن و سکیان لە (بەری) ئەو درەختە پڕ دەکەن
37:67 لە پاشان بەڕاستی ئاوێکی لێڵی زۆر گەرمی بەسەردا دەخۆنەوە
37:68 بێگومان دواتر گەڕانەوەیان بۆ دۆزەخە
37:69 بەڕاستی ئەوان باو و باپیرانی خۆیانیان بە گومڕایی بینی
37:70 ئەمجا ئەوان ھاندەدران بۆ شوێن کەوتنیان (لە گومڕاییدا)
37:71 سوێند بەخوا بێگومان پێش ئەو (گومڕایانەی قوڕەیش) زۆربەی گەلە پێشینەکان گومڕا بوون
37:72 سوێند بەخوا بێگومان ئێمە لە ناو خۆیاندا (پێغەمبەرانی) ترسێنەرمان بۆ ناردن
37:73 ئەمجا (ئەی موحەممەد ﷺ) سەرنج بدە سەرئەنجامی ترسێنراوەکان چۆن بوو
37:74 بەڵام بەندە پاك و ھەڵبژاردەکانی خوا
37:75 سوێند بەخوا بەڕاستی نوح (علیە السلام) ھاواری لێ کردین ئەمجا ئێمەش زۆر چاك وەڵامی (ھاوارەکەی) ئەومان دایەوە
37:76 خۆی و کەسوکاری (باوەڕداری) مان لە تەنگانە گەورەکە ڕزگار کرد