محمد صالح بامۆکی — 440
35:45 وە ئەگەر خوا قار بگرێت لەخەڵکی (تۆڵەیان لێ بسێنێت) لەبەر ئەو (خراپانەی) کردویانە ھیچ گیاندارێکی بەسەر زەویەوە نەدەھێشت بەڵام (خوا) مۆڵەتی ئەوان دەدات تا ماوەی دیاریکراو ئەمجا کاتێک ماوەکەیان (کۆتایی) ھات (دەیان مرێنێ) جا بێگومان خوا بە بەندەکانی ئاگادارو بینایە
36:1 بە(یا، سین) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بەماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە
36:2 سوێند بە قورئانی پڕ لەدانایی
36:3 بەڕاستی تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) لە پێغەمبەرانی خوای
36:4 لەسەر رێبازی ڕاستی
36:5 (قورئان) دابەزێنراوە لەلایەن خوای زاڵ و باڵادەست و میھرەبانەوە
36:6 بۆ ئەوەی گەلێ بترسێنی (لەسزا) کەباوو باپیرانیان نەترسێنرابوون بۆیە ئەوان بێ ئاگا بوون
36:7 سوێند بەخوا بەڕاستی بەڵێنی خوا چەسپاو ھاتە دی لەسەر زۆربەیان چونکە ئەوان باوەڕ ناھێنن
36:8 (وەك کەسانێك وان کە) تەوقمان کردبێتە گەردنیان جا ئەو (تەوقانە) تا چەناکەیان ھاتبێت (گەردنیانی بەتەواوی گرتبێـتەوە) ئەمجا سەریان بەرز کرابێتەوە (نەتوانن بۆ خوارو ئەملاولا بیجوڵێنن)
36:9 وە بەربەستمان لەبەردەم و پشتیانەوە داناوە پەردەشمان داوە بەسەر چاویاندا بۆیە ئەوان (ڕاستی) نابینن
36:10 وە بۆ ئەوان یەکسانە چی بیان ترسێنیت یان نەیان ترسێنیت باوەڕ ناھێنن
36:11 تۆ تەنھا کەسێك دەترسێنیت کە شوێن قورئان دەکەوێت لەپەنھانیشدا لە خوای میھرەبان دەترسن بەھۆی (ئەو شوێن کەوتن و ترسانەوە) مژدەی بدەرێ بەلێخۆشبوونی (گوناھەکانی) و پاداشتی چاکی (بەھەشت)
36:12 بەڕاستی ھەر ئێمە مردووان زیندوو دەکەینەوە و ھەرچی پێشتر کردویانە وشوێنەواری پاش خۆشیان دەنوسین وە ھەموو شتێکمان لە پەڕاوێکی ڕوون وئاشکرادا ژماردووە و نووسییوە کە (لوح المحفوظ)