>

محمد صالح بامۆکی — 422

33:31 (ئەی خێزانەکانی پێغەمبەر ﷺ) ھەر کام لەئێوە لەسەر گوێرایەڵی خواو پێغەمبەرەکەی بەردەوام بێت وە کردەوەی چاکیش بکات دووجار پاداشتی پێ دەدەین وە ڕۆزییەکی چاك و خۆشمان بۆ ئامادە کردووە (لەبەھەشت دا)

33:32 ئەی ژنانی پێغەمبەر ﷺ ئێوە وەك ھیچ یەك لەئافرەتانی دیکە نین ئەگەر خۆتان بپارێزن و لەخوا بترسن کەواتە بەخەمزەو نازەوە قسە مەکەن (وەك ئافەرەتانی ڕەوشت نزم) نەوەکو ئەوەی کەدڵی نەخۆشە (دەرون نزمە) نیازی خراپ بکات (کەواتە) قسەی چاك و بەجێ بکەن

33:33 وە لە ماڵەکانی خۆتاندا بمێننەوە وە زینەت و جوانی خۆتان دەرمەخەن (لەناو خەڵکی نامەحرەمدا) وەکو خۆ دەرخستنی ئافرەتانی سەردەمی نەفامی یەکەم (پێش ئیسلام) نوێژ بکەن و زەکات بدەن وە گوێڕایەڵی خواو پێغەمبەرەکەی بکەن بەڕاستی خوا دەیەوێت ئەی ئال و بەیتی (پێغەمبەر ﷺ) ھەر جۆرە پیسی و گوناھێك لەئێوە دووربخاتەوە و پاك و خاوێنتان بکاتەوە بەتەواوی

33:34 وە بیربکەنەوە لەوەی دەخوێنرێت لەماڵەکانتاندا لەئایەتەکانی خواو دانایی (فەرمودەکانی پێغەمبەر ﷺ) بەڕاستی خوا ووردبینی ئاگادارە

33:35 بەڕاستی پیاوە موسڵمانەکان وئافرەتە موسڵمانەکان وە پیاوە باوەڕدارەکان و ئافرەتە باوەردارەکان و پیاوانی ھەمیشە گوێڕایەڵ و ئافرەتانی ھەمیشە گوێرایەڵ و پیاوە ڕاستگۆکان و ئافرەتە ڕاستگۆکان و پیاوان و ئافرەتانی خۆگر و بەئارام وە پیاوانی لەخوا ترس و ژنانی لەخوا ترس و پیاوان و ئافرەتانی بەخشندە و پیاوان و ئافرەتانی ڕۆژوەوان، پیاوان و ئافرەتانی داوێن پاك، پیاوانێ کە زۆر یادی خوا دەکەن و ئافرەتانێ کە زۆر یادی خوا دەکەن خوا ئامادەی کردووە بۆ ھەموویان لێخۆشبوون و پاداشتی گەورە