>

محمد صالح بامۆکی — 419

33:7 (ئەی موحەممەد ﷺ بیریان بخەرەوە) کاتێك کە پەیمانمان وەرگرت لە پێغەمبەران ھەروەھا لە تۆ ولەنوح ولەئیبراھیم و لەموسا و لەعیسای کوڕی مەریەم وە لە ھەموویان پەیمانی بەھێزو بتەومان وەرگرت

33:8 بۆ ئەوەی (خوا) پرسیار لەڕاستگۆیان بکات دەربارەی ڕاستییان و سزای پڕ ئێش و ئازاریشی ئامادە کردووە بۆ بێ باوەڕان

33:9 ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە بیر لەچاکە و نیعمەتی خوا بکەنەوە بەسەرتانەوە کاتێك لە شکرێکی زۆرتان بۆ ھات (لە جەنگی خەندەقدا) ئەمجا ئێمە بایەکی بەھێزمان بۆ ناردن و لەشکری (فریشتەش) کە ئێوە نەتان بینین وەخوا بەوەی ئێوە دەیکەن بینایە

33:10 کاتێك (بێ باوەڕان) ھێرشیان بۆ ھێنان لە سەرووتانەوە و لە خوارتانەوە (چوار دەوری مەدینەیان گرت) وە چاوەکان ئەبڵەق بوون و دڵەکان (لە ترسا) گەیشتبوونە گەروو و گومانی جۆربەجۆرتان بە خوا دەبرد

33:11 لەوێدا ئیمانداران تاقیکرانەوە وە ڕاوەشێنران بەڕاوەشاندنێکی توند

33:12 (بیربکەنەوە) کاتێك دوو ڕووەکان وئەوانەی لە دڵیاندا نەخۆشی ھەبوو ووتیان خواو پێغەمبەرەکەی بێجگە لە تەفرەدان ھیچ بەڵێنێکیان پێنەداین

33:13 وە کاتێك دەستەیە لەو (دووڕووانە) ووتیان: ئەی دانیشتوانی مەدینە ئێرە جێی مانەوەتان نیە دەی بگەڕێنەوە وە کۆمەڵێکی تر لەوان مۆڵەتی گەڕانەوە لەپێغەمبەر ﷺ دەخوازن دەیانووت: خانووەکانمان بێ پارێزەر و ڕووت و کەلێناویە لەکاتێکدا واش نەبوو (کەدەیانووت) ئەوان تەنھا مەبەستیان ھەڵھاتن بوو (لەجیھادکردن)

33:14 وە ئەگەر ھێرش بھێنرایەتە سەریان لە ھەموو لایەکی (مەدینە)وە ئەمجا داوای کافربوون و جەنگ کردنیان لێ بکرایە (دژ بەتۆ ئەی موحەممەد ﷺ) داواکەیان بەجێ دەھێنا (و بەگوێیان دەکردن) وە ئەم داوایان دوانەدەخست ماوەیەکی کەم نەبێت

33:15 بێگومان ئەوانە لەپێش ئەم (ڕوداوە) پەیمانیان بە خوا دابوو کە (لە غەزادا) پشت ھەڵناکەن و ڕاناکەن وە پەیمانێك درا بە خوا (خاوەنەکەی) لێپرسراو دەبێت