محمد صالح بامۆکی — 338
22:47 وە ئەوان (قورەیش بە گاڵتەوە) بەپەلە داوای سزات لێ دەکەن لەکاتێکدا ھەرگیز خوا پێچەوانەی بەڵێنی خۆی ناکات و بێگومان ڕۆژێک لای پەروەردگارت وەک ھەزار ساڵ وایە لەو ساڵانەی ئێوە دەیژمێرن
22:48 وە (خەڵکی) چەندەھا شار و گوند (ھەبوون) مۆڵەتم دان کە ستەمکار بوون لەپاشان تۆڵەم لێ سەندن (ولەناوم بردن) وە ھەر بۆلای من دەگەڕێنەوە
22:49 بڵێ ئەی خەڵکینە بێگومان من بۆ ئێوە تەنھا ترسێنەرێکی ئاشکرام
22:50 ئەمجا ئەو کەسانەی بڕوایان ھێناو وە کردەوە چاکەکانیان کرد لێخۆشبوون و ڕۆزیەکی بەنرخ وفراوانیان بۆ ئامادەیە
22:51 وە ئەوانەی ھەوڵیان داوە بۆ (دژایەتی) ئایەتەکانی ئێمە ناتوانا و دەستەپاچەن ئەوانە ھاوەڵی دۆزەخن
22:52 وە ئێمە لەپێش تۆ نەمان ناردووە ھیچ ڕەوانەکراو یان پێغەمبەرێک مەگەر ھەر کاتێک (پەڕاوی خودای) خوێندبێتەوە بۆ گەلەکەی شەیتان گومان و وەسوەسەی دەخستە ناو خوێنراوەکەیەوە (تا خەڵک باوەڕی پێ نەھێنن) ئەمجا خوا لایدەبات (پوچەڵی دەکاتەوە) ئەوەی شەیتان داوێتی بە گوێی خەڵکدا (لە وەسوەسە ودڵەڕاوکێ و دوودڵی) پاشان خوا ئایەتەکانی خۆی دەچەسپێنێت وە خوا زانا و کاردروستە
22:53 لەبەر ئەوەی ئەو گومانانەی شەیتان دەیخاتە (دڵەکان خوا) دەیکاتە (ھۆی) تاقیکردنەوە بۆ ئەوانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە و (ئەوانەی) دڵیان ڕەق وە بەڕاستی ستەمکاران لە دژایەتی یەکی زۆر دوور (لە ڕاستی)دان
22:54 وە بۆ ئەوە بزانن ئەو کەسانەی کە زانیاریان پێـدراوە بێگومان ئەم (قورئانه) ڕاستیەکە لە لایەن پەروەردگارتەوە تا باوەڕی پێ بھێنن (وبەردەوام بن لەسەری) وە دڵەکانیان ملکەچ و بەئارام بێت بۆ ئەو (خوا) وە بێگومان خوا ھیدایەتدەری ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان ھێناوە بۆ سەر ڕێگای ڕاست
22:55 بەردەوام ئەو کەسانەی بێ باوەڕن لە گوماندان دەربارەی قورئان ھەتا لەناکاودا ڕۆژی دوایی یەخەیان دەگرێت یان یەخەیان دەگرێت (ودێت بۆیان) سزای ڕۆژێکی نەزۆک و بێ خێر (کە ڕۆژی قیامەتە)