محمد صالح بامۆکی — 311
19:77 ئایا ئەو کەسەت دیوە بێ باوەڕ بوو بە نیشانە و ئایەتەکانی ئێمە ووتی (لە ڕۆژی دواییشدا) ماڵ و کوڕم پێ دەدرێت
19:78 ئایا بەنھێنیەکان ئاگادارە یا بەڵێنی لە خوای میھرەبان وەرگرتووە
19:79 نەخێر (وانیە) لەمەوپاش ئەوەی دەیڵێت دەینوسین (لەسەری) ماوەی سزای بۆ درێژ دەکەینەوە
19:80 ئەوەی ئەو دەیڵێت (لەماڵ و منداڵ) بەمیرات لێی وەردەگرینەوە (لە ڕۆژی دواییدا) بەتەنھا دێتەوە لامان
19:81 ئەوانە بێجگە لە خوا بڕیاریانداوە بۆ خۆیان چەند پەرستراوێک بۆ ئەوەی ئەو پەرستراوانە ببنە یارمەتیدەر (و تکا کار) بۆیان
19:82 نەخێر (وا نیە) بەڵکو پەرستراوەکان (لە قیامەتدا) ئینکاری پەرستنەکەی ئەوان دەکەن وە دەبنە دژیان و بەرپەرچیان دەدەنەوە
19:83 ئایا نەتدیوە (سەرنجت نەداوە) کە بێگومان ئێمە شەیتانەکانمان زاڵ کردووە بەسەر بێ باوەڕاندا چاک ھانیان دەدەن (بۆ کوفر و تاوان)
19:84 جا (ئەی موحەممەد ﷺ) پەلەیان لێ مەکە بێگومان ئێمە بەژماردنێکی ورد (ڕۆژانی تەمەنیان) دەژمێرین
19:85 باسی ئەو ڕۆژە بکە کە پارێزکاران ولەخواترسان کۆ دەکەینەوە دەستە دەستە وکۆمەڵ کۆمەڵ بەڕێز وحورمەتەوە دەیانبەن بۆ لای خوای میھرەبان
19:86 تاوانباریش دەدەینە بەر بۆ دۆزەخ بە تینویەتی (بەوێنەی گەلە ئاژەڵ)
19:87 دەسەڵاتی تکاو لاڵەیان نیە جگە لەو کەسەی بەڵێنی لە خوای میھرەبان وەرگرتووە (وەک پێغەمبەران و شەھیدان)
19:88 (گاور وجولەکەکان) دەیانووت خوا منداڵی بۆخۆی داناوە
19:89 سوێند بەخوا بەڕاستی شتێکی زۆر نابەجێ و سەیر دەڵێن
19:90 نزیکە ئاسمانەکان لەت لەت و پارە پارە ببن لەبەر ئەو (قسەیە) و (نزیکە) زەویش شەق بەرێت و بقڵیشێ و(نزیکە) چیاکان بە یەکجار بڕوخێن
19:91 لەبەر ئەوەی (بێ باوەڕان) منداڵ دەدەنە پاڵ خوای میھرەبان
19:92 بۆ خوای میھرەبان شیاو نیە کە منداڵی ھەبێت
19:93 ھەموو ئەوانەی لە ئاسمانەکان و زەویدان بەبەندەیی دێنە لای خوای میھرەبان (ھیچ کەسێک لەوانە نیە بەندەی خوای میھرەبان نەبێت)
19:94 سوێند بەخوا بەڕاستی ھەموویانی سەرژمێری کردووە بە ژماردن
19:95 ھەر ھەموویان بە تاک و تەنھا دێنەوە بۆ لای (خوا) لە ڕۆژی قیامەتدا