محمد صالح بامۆکی — 284
17:18 ھەر کەسێک تەنھا ژیانی دونیای بوێت لەم (دونیا) دا زوو پێی دەدەین ئەوەی بمانەوێت بۆ ھەرکەسێک لە پاشان دۆزەخمان بۆ سازداوە دەچێتە ناوی بە لۆمەکراوی و دەرکراوی لە میھرەبانی خوا
17:19 ھەر کەسێکیش مەبەستی ڕۆژی دوایی بووبێت وە ھەوڵی بۆ بدات بەو جۆرەی شایستەی ئەوە و باوەڕداریش بێت ئا ئەوانە کردەوە و تێکۆشانەکەیان وەرگیراوە (لای پەروەردگاریان)
17:20 دەبەخشین بە ھەمووان ئەوانەی (کەھەر دونیایان دەوێت) و ئەوانەش (کە ڕۆژی دواییان دەوێت) لە بەخششی پەروەردگارت (لەم دونیایەدا) بێگومان ڕۆزی و بەخشراوی پەروەردگارت ھەرگیز قەدەغە کراو نەبووە
17:21 (ئەی موحەممەد ﷺ) سەرنج بدە چۆن (لە دونیادا) فەزڵی ھەندێکیانمان داوە بەسەر ھەندێکیاندا وە بێگومان پلەکان لە ڕۆژی دواییدا گەورەترە و فەزڵەکانیش گەورەترن
17:22 (ئەی ئادەمی) لەگەڵ خوادا پەرستراوێکی تر مەپەرستە ئەگینا دەبێتە لۆمەکراوێکی سووک و ڕسوا
17:23 وە پەروەردگارت بڕیاریداوە کە ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لە ئەو وە لەگەڵ دایک و باوکتان چاکە بکەن ئەگەر یەکێکیان (باوکت و دایکت) یان ھەردووکیان لای تۆ پیربوون قسەی ناخۆشیان پێ مەڵێ تەنانەت ئۆفیش وە تێیان مەخوڕە و پێیاندا ھەڵمەشاخێ (بەڵکو) ووتەی نەرم و شیرینیان (لەگەڵدا) بەکاربێنە
17:24 باڵی خۆ بەکەمزانین و میھرەبانیتیان بۆ ڕابخە بڵێ ئەی پەروەردگارم ڕەحمیان پێ بکە ھەرچۆنێک ئەوان منیان پەروەردە کرد بە منداڵی
17:25 پەروەردگارتان چاک دەزانێت بە ھەرچی لە دڵ و دەرونتاندا ھەیە ئەگەر ئێوە چاک بن و نیازی چاکەتان ببێت ئەوا بێگومان ئەو (خوایە) لێ بوردەیە بۆ تۆبەکاران
17:26 وە مافی خزمانت بدە (ھەروەھا مافی) ھەژار و ڕێبواریش زیادە ڕەویش مەکەن
17:27 بەڕاستی زیادەڕەوان دۆست وبرای شەیتانەکانن شەیتانیش بەرانبەر (ناز و نیعمەتەکانی) پەروەردگاری ھەمیشە سپڵەیە