>

محمد صالح بامۆکی — 279

16:103 سوێند بە خوا بێگومان ئێمە دەزانین کەئەو (بێ باوەڕانە) دەڵێن ھەر ئادەمیە (ئەم قورئانەی) فێری (موحەممەد) دەکات (مەبەستیان کابرایەکی ڕۆمی بوو) کەچی زمانی ئەو کەسەی ئەوەی دەدەنەپاڵ عەجەمیە و ئەم (قورئانە) ش به زمانی عەرەبی پاراو و ڕوون (دابەزیوە)

16:104 بەڕاستی ئەوانەی کە بڕوایان بە ئایەتەکانی خوا نیە خوای گەورە ڕێنمونیان ناکات، وسزای سەختی بۆ ئامادەکردوون

16:105 بێگومان تەنھا ئەوانە درۆھەڵدەبەستن بە ناوی خواوە کە باوەڕیان بە ئایەتەکانی خوا نیە و ھەر خۆیان درۆزنن

16:106 ئەو کەسەی بێ باوەڕ بێ بە خوا لە پاشان باوەڕھێنانی مەگەر کەسێک زۆری لێ کرا بێت و دڵیشی دامەزرا و ئارام بێت بە باوەڕ بەڵام کەسێ دڵی خۆش و شادمان بێت بەبێ باوەڕی ئەوە بەر خەشم و قینی خوا کەوتوون و سزای گەورەیان دەبێت

16:107 ئەم (ھەڕەشەیە) لەبەر ئەوەیە بەڕاستی ئەوانە ژیانی دونیا یان لا خۆشەویستر بوو لە ژیانی ڕۆژی دوایی وە بەڕاستی خوا ڕێنمونی کەسانی بێ باوەڕ ناکات

16:108 ئەوانە کەسانێکن خوا مۆری ناوە بەسەر دڵ و بەسەر گوێ و چاویاندا وە ھەر ئەوانەن بێ ئاگایان

16:109 ڕاستە و بێگومان ئەوانە لە ڕۆژی دواییدا ھەر ئەوان زەرەرمەندن

16:110 پاشان بەڕاستی پەروەردگارت بۆ ئەوانەی کۆچیان کردوە لە پاش ئەوەی سزا دران پاشان جیھاد و تێکۆشانیان کرد و بە ئارام بوون بێـگومان پەروەردگارت لە دوای ئەوە لێ بوردە و میھرەبانە (بۆیان)