محمد صالح بامۆکی — 268
16:7 وە (ھەندێ لەو ماڵاتانە) بارەکانتان ھەڵدەگرن (ودەیبەن) بۆ شار وجێگایە کە ئێوە پێی نەدەگەیشتن مەگەر زۆر بەناڕەحەت نەبێت بەڕاستی پەروەردگارتان زۆر بەسۆز و بە بەزەییە (بۆ ئادەمی)
16:8 وە ئەسپ و ماین و ئێسترو گوێدرێژی (بۆ دروستکردون) لەبەر ئەوەی سواریان بن و ھۆی ڕازانەوەش بن بۆ ئێوە, وە (خوا) شتی وا دروست دەکات کە (ئێستا) ئێوە نایزانن
16:9 ڕێگای ڕاست نیشاندان (بە بەندەکان) تەنھا بۆ خوایە وە ھەندێک لە ڕێگاکان لارو ناڕێکە وە ئەگەر (خوا) بیویستایە ھەمووتانی ڕێنمونی دەکرد
16:10 ئەو (خوا) زاتێکە کە لە ئاسمانەوە بارانی بۆ باراندون ئاو خواردنەوەتان لەو (بارانە)یە و ھۆی سەوز بوونی ڕوەکیشە کەمەڕ و ماڵاتی لێ دەلەوەڕێنن
16:11 بەو (ئاوە خوا) بۆتان دەڕوێنێت کشتوکاڵ و زەیتون و دار خورما مێو و ڕەز و ھەموو بەرو میوەیەک بەڕاستی لەوەدا (باس کرا) بەڵگەیەکی ڕوون ھەیە بۆ ئەو کەسانەی بیردەکەنەوە
16:12 وە ڕامی ھێناوە بۆتان شەوو ڕۆژ (لە خزمەتی ئێوەدایە) و خۆر و مانگ ھەروەھا ئەستێرەکانیش ڕام ھێنراوون بە فەرمانی خوا بەڕاستی لەوەدا (باس کرا) بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ ئەوانە کەژیرن و تێدەگەن
16:13 وە (ڕامی ھێناوە) بۆتان ئەوەی دروستیکردووە لە زەویدا و بڵاوی کردوەتەوە کە ڕەنگ و جۆریان جیاوازە بەڕاستی لەوەدا باسکرا نیشانەیەکی ڕوون ھەیە بۆ ئەوانەی کە ئامۆژگاری وەردەگرن
16:14 وە ئەو (خوایە) زاتێکە کە دەریای ڕام ھێناوە بۆ ئەوەی گۆشتی تازەی لێ بخۆن (مەبەست ماسی و ھاوشێوەکانیەتی) وە بۆ ئەوەی خشڵیشی لێ دەربھێنن کەدەی پۆشن (بۆ خۆ ڕازاندنەوە وەک دوڕ و سەدەف و مرواری) وە کەشتیەکان دەبینیت (دێن و دەڕۆن بە سنگیان) ئاوی دەریا لەت دەکەن وە بۆ ئەوەی ھەندێک لە فەزڵ و ڕۆزی خوا بەدەس بھێنن و بۆ ئەوەی سوپاسی خواش بکەن