محمد صالح بامۆکی — 204
9:107 وە (لەناپاکان) ئەوانەی مزگەوتێکیان دروست کرد بۆ زیان گەیاندن (بە موسڵمانان) و خوانەناسی و جیاوازی خستنە نێوان ئیمانداران و بۆ چاوەڕوانی کردنی کەسانێک کە دژایەتی خوا و پێغەمبەرەکەیان کردوە لەوەو پێش بێگومان (ئەو دوو ڕووانە) سوێند دەخۆن (دەڵێن) تەنھا چاکەمان ویستووە بەڵام خوا شایەتی دەدات کە بەڕاستی ئەوانە درۆزنن
9:108 ھەرگیز نوێژ (لەو مزگەوتەدا) نەکەی (ئەی موحەممەد ﷺ) بێگومان مزگەوتێک کە لەسەر بناغەی تەقوا و لە خوا ترسان دامەزرا بێت لە یەکەم ڕۆژەوە (یەکەم ڕۆژ ھاتنت بۆ شاری مەدینە) شایستەترە کە نوێژی تێدا بکەیت پیاوانێکی تێدایە پێیان خۆشە کە خۆیان خاوێن و پاک بکەنەوە (لەژەنگ وژاری سەردەمی نەفامی) خوایش ئەوانەی خۆش دەوێت کە دەیانەوێت خۆیان پاک بکەنەوە
9:109 جا ئایا کەسێک بناغەی مزگەوتەکەی دامەزراند بێت لەسەر خواناسی و بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی خوا چاکترە یان کەسێک بناغەی مزگەوتەکەی دامەزراند بێت لەسەر لێواری کەندەڵانێکی فشەڵ و ڕووخەک جا بەخۆیەوە بڕوخێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە، وە خوا ڕێنمونی کەسانی ستەمکار ناکات
9:110 بەردەوام ئەو دروست کراوەیان کە دروستیان کرد ھۆی بێ ئارامی و گومانە لە دڵیاندا (واتە ھەرگیز لە دڵیان دەرناچێت) مەگەر دڵیان پارچە پارچە بکرێت و (بمرن) وە خوا زانا و کار دروستە
9:111 بەڕاستی خوا کڕیویەتی لە باوەڕداران گیان و ماڵیان بەوەی کە بەھەشتیان دەداتێ لە بریتیدا (ئەو بڕوادارانە) دەجەنگن لە ڕێی خوادا ئەمجا (بێ باوەڕان) دەکوژن و (خۆشیان) دەکوژرێن (شەھید دەبن) ئەمە بەڵێنێکی ڕاستە (و خـوا بـڕیـاری داوە) لەسەرخۆی لە تەورات و ئینجیل و قورئاندا جا کـێ بە بەڵێن و پەیمانی خۆی وەفادارترە وەک خوای گەورە؟ کەواتە مژدە بەخشن و شادمان بن بەو فرۆشتنەتان کە مامەڵەتان پێوە کرد (بە ڕاستی) ھەر ئەوەیە گەیشتن بە ئامانجی زۆر گەورە