محمد صالح بامۆکی — 203
9:100 وە پێشکەوتووە یەکەمەکان (ئەوانەی لەسەرەتاوە باوەڕیان ھێنا) لەکۆچەران و یاریدەدەران ئەوانەش زۆر بە چاکی پەیڕەوی ئەوانیان کردووە و شوێنیان کەوتوون خوا لێیان ڕازیە ئەوانیش لەخوا ڕازین وە (خوا) بەھەشتانێکی بۆ ئامادە کردوون کە ڕووبارەکان دێن و دەچن بەژێریاندا تێیدا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی و بێ بڕانەوە ئەوەیە گەیشتن بە ئامانجی گەورە
9:101 و لەو عەرەبە دەشتەکیانەی کە لە دەورو بەرتاندان ناپاکانێک ھەن ھەندێک لەخەڵکی مەدینەش لەسەر ناپاکی ڕاھاتوون و خۆیان بۆ تەرخان کردووە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) نایانناسیت ئێمە چاک دەیا نناسین لە ئایندەدا دووجار سزایان دەدەین دواتریش دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو سزایەکی گەورە (بۆ دۆزەخ)
9:102 وە کەسانێکی تر ھەن دانیان ناوە بەگوناھەکانیاندا کردەوەی چاکیان تێکەڵ کردووە لەگەڵ کردەوەی تری خراپدا ئومێد وایە خوا تۆبەیان لێ وەرگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و میھرەبانە
9:103 وەربگرە لەماڵ و داراییان (زەکات و سەدەقە) تا بەھۆیەوە پاکیان بکەیتەوە (لە گوناھو تاوان) و (دڵیان) پوخت و خاوێن دەکەیت بەو ماڵ بەخشینە و دوعا و نزای خێریان بۆبکە بەڕاستی دوعای تۆ ئارامی و دڵ خۆشیە بۆ ئەوان وەخوا بیسەر و زانایە
9:104 ئایا نەیان زانیوە کە بێگومان ھەر خوا تەوبە و پەشیمانی لە بەندەکانی وەردەگرێت وە ھەر ئەو خێر وبەخشینەکان وەردەگرێت وە بەڕاستی ھەر خوایە وەرگری تەوبە یە و میھرەبانە (لەگەڵ بەندەکانیدا)
9:105 (ئەی موحەممەد ﷺ بەوانە) بڵێ: کارو کردەوە بکەن جا بێگومان خوا و پێغەمبەرەکەی و بڕواداران کردەوەکانتان دەبینن لەپاشان دەگەڕێنرێنەوە بۆلای (خوای) زانا بە ھەموو نھێنی و ئاشکراکان ئەمجا ھەواڵتان دەداتێ بەھەرچی کە ئێوە لە دونیادا دەتان کرد
9:106 (لە بە جێماوەکاندا) کەسانێکی تر ھەبوون کە دواخران بۆ فەرمان و بڕیاری خوا یان سزایان دەدات یان پەشیمانیان لێ وەردەگرێت وە خوا زانا و کار دروستە