>

محمد صالح بامۆکی — 163

7:96 وە ئەگەر دانیشتوانی شار وگوندەکان باوەڕیان بھێنایە و خۆیان بپاراستایە (لە قەدەغە کراوەکانی خوا) بەڕاستی دەرگای بەرەکاتی ئاسمان و زەویمان بۆ دەکردنەوە بەڵام بڕوایان نەھێنا (بەپێغەمبەرەکەیان) ئەمجا ئێمەش ئەوانمان گرت و سزامان دان بەھۆی ئەو خراپانەوەی دەیانکرد

7:97 ئایا خەڵکی ئەو شار وگوندانە ترسیان نەبوو لەوەی سزای ئێمەیان بۆبێت لە شەودا کاتێک ئەوان خەوتوون

7:98 وە ئایاخەڵکی ئەو شار وگوندانە ترسیان نەبوو لەوەی کەسزای ئێمەیان بۆ بێت لە چێشتەنگاودا لەکاتێکدا یاری و گاڵتە دەکەن

7:99 جا ئایا لە پیلانی خوا نەترسان و بێ باک بوون دەی کەس لەپیلانی خوا دڵنیا نابێت جگە لەکەسانی زەرەرمەند نەبێت

7:100 ئایا ڕوون نەبۆتەوە بۆ ئەوانەی زەویان بە میرات بۆ دەمێنێتەوە دوای (تیا چوونی) خاوەنە پێشوەکانیان ئەگەر بمانەوێت بەھۆی گوناھەکانیانەوە دووچاری بەڵایان دەکەین وە مۆر دەنێین بەسەر دڵیاندا ئیتر ئەوان (ھیچ پەند وئامۆژگارییەک) نابیستن

7:101 ئەو شار وگوندانانەی (کە وێرانمان کردن) ھەندێک لە ھەواڵەکانی دەگێڕینەوە بۆت سوێند بەخوا بەڕاستی پێغەمبەرانیان بۆھات بە بەڵگە و نیشانەی ڕوونەوە بەڵام باوەڕیان نەھێنا بەوەی کەلەپێش دا بە درۆیان دەزانی ئا بەو جۆرە خوا مۆر دەنێت بەسەر دڵی بێ باوەڕاندا

7:102 زۆربەی ئەوانمان نەدی خاوەنی ھیچ پەیمانێک بن بەڕاستی زۆربەیانمان دی سەرپێچیکار و (تاوانبار) بوون

7:103 پاشان دوای ئەوانەی (کەباسمان کردن) موسامان نارد بە بەڵگە و موعجیزەکانمانەوە بۆ لای فیرعەون و دارو دەستەکەی بەڵام ئەوان بەنیشانەکان (بێ بڕوا بوون) و ستەمیان کرد جا بڕوانە و سەرنج بدە کە سەرەنجامی لە فەرمان دەرچووان و خراپەکاران چۆن بوو

7:104 موسا فەرمووی: ئەی فیرعەون بەڕاستی من پێغەمبەرێکم لەلایەن پەروەردگاری جیھانیانەوە