>

محمد صالح بامۆکی — 132

6:36 بەڕاستی تەنھا ئەوانە وەڵامی تۆ ئەدەنەوە کە (بەدڵ) ئەبیسن مردووەکانیش (ئەوانەی باوەڕ ناھێنن) خوا زیندوویان دەکاتەوە پاشان ھەر بۆلای خۆی دەگەڕێنەوە

6:37 ووتیان بۆچی لەلایەن پەروەردگاریەوە موعجیزەیەکی بۆ نەھاتۆتە خوارەوە بڵێ بێگومان خوا بە توانایە کە بەڵگە و نیشانەیەک بھێنێتە خوارەوە بەڵام زۆربەیان نازانن

6:38 ھیچ گەڕۆکێکی گیانلەبەر نیە لەزەویدا وە ھیچ باڵندەیەک نیە کە دەفڕێ بە ھەردوو باڵەکەی مەگەر ئەوانیش وەک ئێوە ئومەتانێکن ھیچ شتێکمان فەرامۆش نەکردووە لەم کتێبەدا (لوح المحفوڤ یا قورئاندا) پاشان ئەوانە (لە ڕۆژی دواییدا) لای پەروەردگاریان کۆدەکرێنەوە

6:39 وە ئەوانەی بێ باوەڕ بوون بەبەڵگەکانی ئێمە کەڕ و لاڵن لەناو تاریکستاندان ھەرکەس خوا بیەوێ گومڕای دەکات ھەرکەسیش خوا بیەوێت دەیخاتە سەر رێگای ڕاست

6:40 (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ھەواڵم پێ بدەن ئەگەر سزای خواتان بۆ بێت یان ڕۆژی دوایی یەخەتان بگرێت ئایا ھاوار دەکەنە ھیچ شتێک بێجگە لە خوا ئەگەر ئێوە ڕاستگۆن

6:41 (نا) بەڵکو تەنھا بانگ و ھاوار لەخوا دەکەن ئەمجا ئەویش ئەگەر ویستی ئەوەی ھاواری (لە دەست) ئەکەن نایھێڵێ و ئەو شتانەتان لەبیر دەچێتەوە کە دەتانکردن بە ھاوبەش بۆ خوا

6:42 سوێند بێت بێگومان ئێمە پێغەمبەرانمان نارد بۆ گەلانی پێش تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) وەتووشی نەبوونی و ھەژاری وەنەخۆشی و ترس و ناڕەحەتیمان کردن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و پەشیمانی دەرببڕن (لاوازی وکزی بنوێنن)

6:43 دەی بۆ نەپاڕانەوە کاتێک سزای ئێمەیان بۆھات؟ بەڵام دڵیان ڕەق بووە وەشەیتان ئەو کردەوە خراپانەی بۆ ڕازاندبوونەوە کەدەیانکرد

6:44 جا کاتێک لەبیریان چویەوە ئەوەی کە پێی ئامۆژگاری کران دەرگای ھەموو شتێکمان لەسەر کردنەوە تاکاتێک دڵخۆش بوون بەوەی پێیان درابوو لە ناکاودا تۆڵەمان لێ سەندن ئیتر ئەوانیش نائومێد و سەرگەردان بوون