>

محمد صالح بامۆکی — 130

6:19 (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: شایەتیدانی کێ لە ھەموو شایەتی دانێک گەورەترە (لەسەر پێغەمبەرێتی من) بڵێ: خوا گەورەترین شایەتە لە نێوان من و ئێوەدا وە ئەم قورئانە وەحی کراوە بۆ من بۆ ئەوەی ئێوەی پێ بترسێنم و ھەر کەسێکی کەش کە پێی دەگات ئایا بەڕاستی ئێوە شایەتی ئەدەن بە دڵنیاییەوە کە لەگەڵ خوادا چەند پەرستراوێکی تر ھەبێت؟! بڵێ: من شایەتی (وا ناڕەوا) نادەم بڵێ: بێگومان ھەر ئەو پەرستراوی تاک و تەنھایە وە بەڕاستی من بەریم لەوەی کە ئێوە دەیکەنە ھاوبەش بۆ خوا

6:20 ئەوانەی کە نامەمان پێ بەخشین (لەگاورو جولەکەکان) ئەم پێغەمبەرە دەناسن (کە پێغەمبەری خوایە بەھۆی باسکردنی نیشانەکانی لە تەورات و ئینجیلدا) وەک چۆن کوڕەکانیان ئەناسن ئەوانەی خۆیان دۆڕاندو خەسارۆمەند بوون ئەوە ئەوانن بڕوا ناھێنن

6:21 کێ ستەمکارترە لەو کەسەی درۆ ھەڵبەستێ بەدەم خواوە یان بێ باوەڕ بوو بێت بە ئایەتەکانی (بە بەڵگەکانی) خوا بەڕاستی ستەمکاران ڕزگاریان نابێت

6:22 وە ڕۆژێ ھەموویان کۆ دەکەینەوە (لەقیامەتدا) پاشان ئەڵێین بەوانەی ھاوەڵیان بۆ خوا دانابوو کوان ئەو ھاوەڵانەی کە بە خەیاڵی خۆتان بەھاوەڵی خواتان دانابوون

6:23 پاشان بەھانەیان ھیچ نەبوو بێجگە لەوەی کە ووتیان سوێند بە خوای پەروەردگارمان ئێمە بەھیچ جۆرێک ھاوبەشدانەر نەبووین بۆخوا

6:24 سەیرکە چۆن درۆ لە دژی خۆشیان دەکەن و لێیان وون بوون ئەو بتانەی خۆیان بە درۆ ھەڵیان بەستبوون

6:25 وە لەو (کافرانە) کەسانێک ھەیە کە گوێت بۆ دەگرن کەقورئان دەخوێنیت بەڵام ئێمە (بەھۆی تاوان گوناھو ھاوەڵدانانیانەوە) چەند پەردەیەکمان داوە بەسەر دڵەکانیاندا بۆ ئەوەی تێی نەگەن وە کەڕی و گوێ گرانیمان خستۆتە ناو گوێچکەیانەوە, وە ئەگەر ھەموو بەڵگە و نیشانەیەکی ڕوون ببینن بڕوای پێ ناھێنن تا ئەو ڕادەیە کاتێک بێن بۆ لات دەمە دەمێ و بەربەرەکانیت لەگەڵ دەکەن ئەوانەی بێ باوەڕن ئەڵێن ئەم قورئانە ھیچ نیە بێجگە لە ئەفسانەی پێشینان

6:26 ئەوان رێگری (خەڵک) ئەکەن لەو (قورئانە) و خۆشیان لێی دوور دەکەنەوە ھیچ کەسیش لە ناو نابەن خۆیان نەبێت و ھەستیش ناکەن (کە لەچی خەسارۆمەندیەکدان)

6:27 وە ئەگەر بیان بینیت کاتێک کە لەسەر قەراغی دۆزەخ وە ستێنراوون کە دەڵێن خۆزگە دەگەڕێنڕِاینەوە بۆ دونیا و بەڵگەکانی پەروەردگارمان بەدرۆ نەدەزانی وە لە بڕواداران ئەبووین