>

محمد صالح بامۆکی — 128

6:1 ھەموو سوپاس و ستایشێک ھەربۆ ئەو خوایەی ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە, وە تاریکیەکان و ڕووناکی داناوە ئەمجا ئەوانەی بێ باوەڕ بوون ھاوتا و ھاوبەش بۆ پەروەردگاریان بڕیار دەدەن

6:2 خوا ئەو زاتەیە کەئێوەی لەقوڕ دروست کردووە پاشان کاتێکی دیاری کردووە (بۆ مردن) وە کاتێکی دیاری کراویش لای خوای گەورە دانراوە (بۆ قیامەت) کەچی دوا ئەوەش ئێوە بەگومانن

6:3 وەتەنھا ئەو خوایە (باڵادەست و پەرستراوە) لەئاسمانەکان و لەزەویدا نھێنی و ئاشکراتان دەزانێ و بە ھەموو کردەوەیەکیش کەدەیکەن ئاگادارە

6:4 وە ھەر بەڵگەو نیشانەیەک لەبەڵگە ونیشانەکانی پەروەردگاریان بۆ بێت ئەوان ڕووی لێ وەردەگێڕن

6:5 بەڕاستی کاتێک قـورئانیان بۆ ھات بە درۆیان دانـا جا لەمەو پاش بۆیان دێت ھەواڵی ئەو شتانەی کەئەوان گاڵتەیان پێدەکرد

6:6 ئایا نەیان دیوە (نەیان زانیوە) لەپێش ئەوانەوە چەند گەل و نەوەمان لەناو بردووە دەسەڵاتمان پێدا بوون لەزەویدا بەشێوەیەک کە بە ئێوەمان نەدابوو و بارانی پەیتاپەیتامان بەسەردا باراندن وە جۆگەو ڕووبارەکانمان وا لێ کرد بوو کە بەبن باخ و کۆشکەکانیاندا دەڕۆیشت لەناو مان بردن بە ھۆی گوناھەکانیانەوە, وە لە دوای ئەوان دروستمان کرد گەل و نەوەیەکی تر

6:7 وە ئەگەر نامەیەکی نوسراومان بناردایە تەخوارەوە بۆت لەناو کاغەزێکدا بوایە و دەستیشیان لێ بدایە بێـگومان ئەوانەی بێ باوەڕ بوون دەیان ووت ئەمە تەنھا جادویەکی ئاشکرایە

6:8 وە دەیانووت: بۆچی فریشتەیەک نەنێنرراوەتە خوارەوە بۆسەری (بیبینین) ئەگەر فریشتەیەکمان بناردایەتە خوارەوە بێگومان کارتەواو دەبوو (لەناو بردنیان جێ بەجێ دەکرا) پاشان مۆڵەت نەئەدران