محمد صالح بامۆکی — 124
5:96 ڕاوی (نێچیر) و خواردەمەنی دەریایی حەڵاڵکراوە بۆتان تا ئێوە و گەشتیارەکان سوودی لێ وەربگرن وڕاو (نێچیری) کێوی و ووشکانی یاساغ کراوە لێـتان تا لە ئیحرامدا بن لە (بێفەرمانی) ئەو خوایە بترسن کە ھەر بۆ لای ئەو کۆدەکرێنەوە (لە ڕۆژی دواییدا)
5:97 خوا کەعبە کە (بیت الحرام) ـە دایناوە تاوەکو (جێگای) ڕاوەستانی کاروباری دین ودونیای خەڵکی بێت وە ھەروەھا مانگە یاساغەکان (کە جەنگ تێیاندا حەرامە) و قوربانیە دیاری نەکراوەکان و قوربانیە دیاری کراوەکانیشی داناوە ئەوەش بۆ ئەوەی کە بزانن بەڕاستی خوا ئەزانێت و بە ئاگایە کە چی وا لە ئاسمانەکان و زەویدا وە بێگومان خوا بە ھەموو شتێک زانایە
5:98 باش بزانن کە بەڕاستی خوا تۆڵەی زۆر بە تینە (بۆ یاخیان) وە بەڕاستی خوا لێبووردە و میھرەبانە (بۆ تۆ بەکاران)
5:99 نێردراوەکەی خوا (موحەممەد) ھیچی لەسەر نیە بێجگە لە ڕاگەیاندن نەبێت وە خوا دەزانێت بەوەی دەریدەخەن بەوەش دەیشارنەوە
5:100 (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ پیس و پاک وەک یەک نین ھەرچەند سەرسامت بکات زۆری پیسەکە کەواتە لەخوا بترسن ئەی خاوەنانی ژیری و ھۆشمەندان تا ڕزگار ببن
5:101 ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە پرسیار مەکەن لە شتانێک ئەگەر ئاشکرا بکرێن بۆتان ناخۆش و خراپ دەبێت بۆتان وە ئەگەر پرسیار بکەن دەربارەیان کاتێک قورئان دەنێردرێتە خوارەوە، بۆتان ئاشکرا دەکرێن خوا خۆش بووە لەو پرسیارانەی لەوە و پێش وە خوا زۆر لێبوردەی لەسەرخۆیە
5:102 بێگومان ئەو (جۆرە) پرسیارانەیان کرد کۆمەڵێك پێش ئێوە پاشان بێ بڕوا بوون بەھۆی ئەو پرسیارانەوە
5:103 خوا دای نەناوە و بڕیاری نەداوە (بۆ بتپەرست وھاوەڵدانەران کە حەرامی بکەن لەسەرخۆیان وجێی بھێڵن بۆ بتەکانیان وسوودیان لێ وەرنەگرن) لەبەحیرە: (ووشترێک بوو پێنج سکی بکردایەو پێنجەم نێر بوایە، ئەو کاتە گوێچکەیان لەت دەکرد و بەرەڵایان دەکرد) و سائیبە: (ووشترێک بوو کە دە تا دوانزە سکی بکردایە ھەموو مێینە بوایە) و وەێیلە: (ووشترێک بوو یەکەم و دووەم سکی مێینە بوایە) و حام: (ووشترێکی نێر بوو کە لە پشتی ئەو دە سک پەیدا ببوایە) بەڵام ئەوانەی بێ باوەڕبوون درۆ بە دەم خواوە ھەڵئەبەستن و زۆربەیان ژیر نین (نەزانن)