>

محمد صالح بامۆکی — 106

4:176 (ئەی موحەممەد ﷺ) داوای فتوات لێ دەکەن ولێت دەپرسن بڵێ خوا فتواتان بۆدەدات دەربارەی کەلالە (کەسێکە نەوەو کوڕو باوک و باپیری نەبێت) ئەگەر پیاوێک مردو منداڵی نەبوو تەنھا خوشکێکی ھەبوو ئەوە نیوەی میراتی برا مردووەکەی دەکەوێت وە (ئەگەر ئافرەتێ بمرێت و تەنھا برایەکی ھەبێت) ئەو (برایە) میراتی خوشکە مردووەکەی ھەموو دەبات ئەگەر خوشکە مردوەکەی منداڵی نەبێت بەڵام گەر دوو خوشک بوون (دوای برا مردووەکەیان) ئەوا ( دوو خوشکەکە) دوو سێیەکی میراتی براکەیـان دەبەن وە ئەگەر میراتگرەکان چەند خوشک و برایەک بوون، پیاوان و ئافرەتان ئەوە بۆ ھەر نێرینەیەک ئەندازەی بەشی دوو مێینە ھەیە خوا بۆتان ڕوون دەکاتەوە تا گومڕا نەبن وەخوا بەھەموو شتێک زانایە

5:1 ئەی بڕواداران بەڵێنەکانتان ببەنەسەر حەڵاڵ کراوە بۆتان (گۆشتی) ئاژەڵ و چوارپێ (مەڕو بزن و وشترو ڕەشە ووڵاغ ) بێجگەلەوەی کە دەخوێنرێتەوە بەسەرتان دا (حەرامن) دروست نیە ڕاو بکەن لەکاتێکدا ئێوە لە ئیحرام دابن بەڕاستی خوا ھەرچی بوێت بڕیاری بۆ دەدات

5:2 ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە ڕێ مەگرن لەدروشمەکانی خوا (ھەڵی مەوەشێننەوە) وجەنگ مەکەن لەمانگە حەرامەکاندا وە ڕێ مەگرن لەو قوربانیانەی بەدیاری دەھێنرێن بۆ مەککە و (ڕێ مەگرن و زیان مەدەن) لەو قوربانیانەی ملوانکەیان لەمل کراوە (دیاری کراون بۆ نەزر وقوربانی کردن) وە مەشکێنن ڕێزی ئەوانەی نیازی ماڵی خوا دەکەن بەتەمای بەھرەمەندی و ڕەزامەندی پەروەردگاریانن وە کاتێک ئیحرامتان شکاند ئەوە (دروستە) ڕاو بکەن باخەشم و قینتان لە کۆمەڵێک واتان لێنەکات لەبەر ئەوەی بەرگرییان کردن لە مزگەوتی حەرام (کەعبە) کە دەست درێژی بکەن وە کۆمەکی یەکتری بکەن لەسەر چاکە و پارێزگاری و لەخواترسان وە کۆمەکی یەکتر مەکەن لەسەر تاوان و دەست درێژی و لە خوا بترسن بێگومان خوا تۆڵەی بەتینە