>

محمد صالح بامۆکی — 100

4:135 ئەی کەسانێک کەباوەڕتان ھێناوە بەردەوام زۆر دادگەربن لەبەر خوا شایەتی بدەن باشایەتی یەکە دژ بەخۆشتان بێت یان دژی باوک و دایک و دژی خزمە نزیکەکانتان (بێت) ئەگەر (شایەتی لەسەر دراوەکە) دەوڵەمەند بێت یان ھەژار (شایەتیەکە ھەر بدەن) چونکە خوا بەوان لە پێشترە (و قازانجیان چاکتر دەزانێت) کەواتە شوێن ئارەزوو مەکەون بۆ ئەوەی لەھەق لانەدەن وە ئەگەر(شایەتیەکە) پێچەوانە بدەن یان نەیدەن و گوێی نەدەنێ ئەوە بەڕاستی خوا ھەمیشە بەکارەکانتان ئاگادارە

4:136 ئەی کەسانێک کە باوەڕتان ھێناوە بەردەوام بن لەسەر باوەڕ بەخوا و پێغەمبەرەکەی و بەو قورئانەی ناردوویەتیە خوارەوە، بۆ پێغەمبەرەکەی وە بەو کتێبانەش کەپێشتر ناردوویەتیە خوارەوە, وە ھەر کەسێک بێ باوەڕ بێت بەخوا و بە فریشتەکانی و بە کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی وە بە ڕۆژی دوایی ئەوە بەڕاستی گومڕا بووە بەگومڕاییەکی زۆر دوور (لەڕاستی)

4:137 بێگومان ئەوانەی بڕوایان ھێناوە پاشان بێ باوەڕ بوونەتەوە دواتر باوەڕیان ھێناوە ئەوسا بێ باوەڕبوونەتەوە پاشان لە بێ بڕواییدا زیادتر ڕۆچوون خوا ھەرگیز لێیان خۆش نابێت وە ڕێنماییان ناکات بۆ ڕێگای ڕاست

4:138 موژدەبدە بەدوو ڕوەکان بەوەی کەبەڕاستی سزایەکی بەئازاریان بۆھەیە

4:139 ئەوانەی کە بێ باوەڕان بەدۆست و خۆشەویستی خۆیان دادەنێن بێجگە لە ئیمانداران ئایا بەتەمان سەربەرزیان لای ئەوان دەس کەوێت؟ (بۆچونێکی ھەڵەیە) چونکە بەڕاستی سەربەرزی و باڵا دەستی ھەمووی بۆ خوایە

4:140 وە بێـگومان خوا ناردوویەتیە خوارەوە بۆتان لە قورئاندا ھەر کاتێک بیستان کە ئایەتەکانی (بەڵگەکانی) خوا بڕوایان پێ ناکرێت و گاڵتەیان پێ دەکرێت ئەوە دامەنیشن لەگەڵیاندا (لەگەڵ ئەوانەی گاڵتە بە ئایەتەکانی خوا دەکەن) تا دەچنە ناو باسێکی ترەوە (و باسەکە دەگۆڕن) بێگومان ئەگەر دانیشتن لەگەڵیاندا (و ھاوبەشیان بکەن) ئەوە ئێوەش وەک ئەوانن بە ڕاستی خوا کۆکەرەوەی دووڕوەکان و بێ باوەڕەکانیشە بە تێکڕا لە دۆزەخدا