>

محمد صالح بامۆکی — 283

17:8 ئومێد وایە پەروەردگارتان ڕەحمتان پێ بکات (ئەگەر بگەڕێنەوە بۆلای خوا) ئەگەر بگەڕێنەوە (بۆ سەر تاوان) ئێمەش دەگەڕێینەوە (بۆ سزادانتان) وە دۆزەخمان کرد بە بەندیخانە بۆ بێ باوەڕان

17:9 بەڕاستی ئەم قورئانە ڕێنمونی دەکات بۆ ڕێباز و بەرنامەیەک کە ڕاسترینە و موژدەش دەدات بەو باوەڕدارانەی کە کردەوە چاکەکان دەکەن کە بەڕاستی پاداشتی گەورەیان بۆ ھەیە

17:10 وە بەڕاستی ئەوانەی کە باوەڕیان نیە بە ڕۆژی دوایی سزایەکی سەختمان بۆ ئامادەکردون

17:11 وە ئادەمی نزاو ھاوار بۆ شەڕ و خراپە دەکات (ھەروەکو) داوا و نزاکردنی بۆ خێرو چاکە وە ئادەمی ھەمیشە ھەر پەلەیەتی

17:12 شەو و ڕۆژمان کرد بە دوو نیشانەی (گەورەی دەسەڵاتی خوا) ئەمجا نیشانەی شەومان تاریک کرد (یا سڕیەوە) و بەڵگە و نیشانەی ڕۆژمان ڕووناک کردەوە بۆ ئەوەی بەشوێن ڕۆزی پەروەردگارتاندا بگەڕێن وە بۆ ئەوەی ژمارەی ساڵەکان و حیسابی (مانگ و شەو و ڕۆژەکان) بزانن وە ئێمە ھەموو شتێکمان بە ڕوون و ڕەوانی باسکردووە (بۆتان)

17:13 وە ھەموو مرۆڤێک (لە ڕۆژی دواییدا) کردەوەی خۆیمان کردۆتە گەردنیەوە (چاکە بێت یا خراپە) وە لە ڕۆژی دواییدا بۆی دەردەھێنن نامەیەک کە بە کراوەیی (و ھەموو کردەوەکانی تێدا نوسراوە) و دەیبینێت

17:14 (پێی دەووترێت) نامەکەت بخوێنەرەوە ئەمڕۆ خۆت بەسیت کە موحاسەبەی خۆت بکەیت

17:15 ھەرکەس ڕێنمونی و ھیدایەتی وەرگرتبێت ئەوە بێگومان ڕێنمونی و ھیدایەتەکەی (سوود و قازانجەکەی) ھەر بۆ خۆی دەبێت و ھەرکەسیش گومڕا بووبێت ئەوە بێگومان (زیان و سزاکەی) ھەر بۆ خۆی دەبێت وە ھیچ کەسێکی گوناھکار گوناھی ھیچ کەسێکی تر ھەڵناگرێت ئێمە ھەرگیز سزای (بەندەکان) نادەین ھەتا پێغەمبەر نەنێرین (بۆیان)

17:16 وە کاتێک بمانەوێت (دانیشتوانی) شار و گوندێک لەناو ببەین فەرمان دەدەین (بە گوێڕایەڵی و کردەوەی چاک) بە دەوڵەمەندە خراپەکارو زۆردارەکانی کەچی ئەوان یاخی دەبن و لە فەرمان دەردەچن جا بڕیاری (سزادان) پێویست دەبێت بۆ (دانیشتوانی) ئەو شار و گوندانە جا ئەوسا وێرانیان دەکەین بە وێران کردنێکی تەواو

17:17 وە زۆر (گەل و میللەت) مان لەناو برد لە سەردەمەکانی پاش نوح پەروەردگارت بەسە بە گوناھی بەندەکانی کە ئاگادار و بینایە